وەزیرێکی ئیسرائیل بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیردەکرێت

حکومەتی ئیسرائیل وەزیرێکی پێشوی خۆی  بە تۆمەتی سیخوڕی كردن بۆ دەزگای هەواڵگری ئێران دەستگیركرد.

ئەمڕۆ دووشەممەهێزەكانی پۆلیس و دەزگای" شیت بیت"ی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانكردەوە، گۆنێن سەگێڤ، وەزیری پێشووی وزە و ژێرخانی ئیسرائیل، كە لەم ساڵانەی دوایی لە نەیجیریا دەژیا، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و گواستنەوەی زانیاری لەكاتی جەنگ دا بۆ دوژمن، لەکاتی سەردانێکی بۆ وڵاتی گینیای ئیستیوائی دەستگیرکراوە و ڕادەستی حکومەتی ئیسرائیل کراوەتەوە.

ئەوەش هاتووە، کە ئەو وەزیرەی پێشووی ئیسرائیل، لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئێرانەوە تەجنید كراوە و زانیاری هەواڵگری پێداون لەسەر تواناكانی ئیسرائیل لە بواری دامەزراوەكانی تایبەت بە وزە و بنكە ئەمنییەكان لە وڵاتەكە و چەند زانیارییەکی دیکەی جیاوازی فەرمی.

 گۆنێن ماوەی چەند ساڵێكە لە نەجیریا وەک پزیشک ژیان بەسەردەبات، بەڵام كاتێك لە مانگی ئایاری ٢٠١٨ دەیەوێت بچێتە وڵاتی گینیای ئیستیوائی بەهۆی ئەوەی تۆمەتباركرابوو بە تاوانكاری، رێی چونە ئەو وڵاتەی پێ نەدرا و دیپۆرت كرایەوە بۆ ئیسرائیل. 

هاوکات  ماڵپەڕی ناسراوی (Ynews) بڵاوی كردۆتەوە سەرەتا جار گۆنێن لەساڵی ٢٠١٢ لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئێران لە نەیجیریا پەیوەندی دروست كردوە و دواتریش دوو جار بۆ بینینی بەرپرسەكەی سەردانی ئێرانی كردوە.

جێی ئاماژەیە سەگێڤ ئەو تۆمەتانەی رەتنەكردۆتەوە، بەڵام بە لایەنی لێكۆڵینەوەئ وتوە كە ئەو كارانەی لە پێناوی ئیسرائیل و بۆ بەدەستهێنانی زانیاری ئەنجام داوە، کە لە ساڵی ٢٠١٢وە و لەڕێگەی باڵیۆزخانەی ئێرانەوە لە نەیجیریا، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران توانیویانە پەیوەندی پێوەبکەن.

سیگیف لە ساڵی ١٩٩٤ و لە سەردەمی کابینەی حکومەتەکەی ئیسحاق ڕابین سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی ئیسرائیل وەزیری ووزە بووە و لە هەمان ساڵیشدا وازیهێناوە، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٥ بە تۆمەتی بە قاچاغ هێنانی حەبی هۆشبەر لە هۆڵەنداوە بۆ ئیسرائیل دەستگیرکراوە و تا ساڵی ٢٠٠٧ زیندانیکراوە.



PM:07:50:18/06/2018