فلای ئەربیل یەکەم گەشتی ئاسمانيى ئەنجامدا

رۆژی دووشەممە ١٨ی حوزەیران، کۆمپانیای "فلای ئەربیل"، لە میانی مەراسیمێکدا لە شاری هەولێر یەکەم گەشتی ئاسمانيى خۆی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێرەوە بۆ "ستۆکھۆڵم"ی پایتەختی سوید ئەنجامدا.

کۆمپانیاکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، "یەکەم فڕۆکەیان رۆژی یەکشەممە لە ستۆکھۆڵمەوە ھاتووەتەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر نیشتووەتەوە، بڕیاریشە لە ھەولێر و سلێمانی و بەغداوە گەشتەکانیان بۆ وڵاتانی ئەورووپا ڕێک بخەن.

رەوەند شێخ مەموندی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای فلای ئەربیل لە میانی مراسیمەکەدا وتی،"كۆمپانیاکەیان لەئێستادا سێ فرۆكەی هەیە، کە بەردەوام هەشت گەشت بۆ وڵاتانی جیهان و بەزۆریش بۆ وڵاتانی ئەوروپا ئەنجام دەدات".

 باسی لەوەشکرد، کە ئەو سێ فڕۆكەیەی لەهێڵەكەدا بەكارخراوون هەر یەكەیان لەسەروی 135 گەشتیار هەڵدەگرن و ئەمڕۆش یەكەم فڕۆكەی كۆمپانیای فلای ئەربیل لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بۆ فڕۆكەخانەی ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید دەستی بەگەشتەكانی كرد. 

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاکە وتیشی "ستافی فڕۆكەكان تەواویان كوردن و بەشێوازی كوردی و بەنووسین و رێنمایی كوردی پێشوازی لەگەشتیاران دەكەن". 

لەلایەکی دیکەوە رابیتەی فڕۆکەوانانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، کە ھێشتا قەدەغەی فڕین بەسەر ئاسمانی ئەورووپا بەردەوامە و ھۆکارەکەیشی بۆ خەمساردیی دەسەڵاتدارانی عێراقەوەی دەگەڕێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئەورووپا (EASA) ھۆشداری داوەتە ھێڵی ئاسمانیی عێراق و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە.

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2015وە دەسەڵاتی فرۆکەوانیی ئەورووپا بەھۆی نەبوونی پێوەرەکانی سەلامەتی، ڕێگە نادات فڕۆکەکانی ھێڵی ئاسمانیی عێراق بچنە سەر ئاسمانی وڵاتانی ئەورووپا.






AM:12:46:19/06/2018