هەولێر... خۆپیشاندان دژی بڕیاری لە سێدارەدانی رامین حوسێن بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ سێ شەممە ١٩ی حوزەیران، خۆپیشاندانێک لە دژی بڕیاری لە سێدارەدانی رامین حوسێن پەناهی لەشاری هەولێرلە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامدرا

خۆپیشاندەران چونەتە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر و داوایان لێدەکەن کە فشار بخاتە سەر حکومەتی ئێران، تاوەكو بڕیاری لەسێدارەدانی "رامین حوسێن پەناهی" كە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە  دەركراوە، رابگرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە بە فەرمی  ئاگنێس كالامارد، دانیوس پوراس و نیلس مێزلەر، کە دوو ریپۆرتەری نەتەوەیەكگرتووەكانن، هۆشدارییان دایە حکومەتی ئێران و داوایان کرد، بەزووترین كات بڕیاری لەسێدارەدانی ڕامین حوسێن پەناهی ڕابگرێت و بڕیارەكە هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەو دوو ریپۆرتەرەی نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژەیان بەوەشدابوو، کە ڕامین حوسێن پەناهی‌ بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دادگایی نەكراوە و مافی تەندروستی و پزیشكی پێشێل كراوە، لە بەندیخانەدا ئەشكەنجە دراوە، بۆیە نەتەوەیەكگرتووەكان نیگەرانە لەوەی ئێران گرنگی بە یاسا نێو دەوڵەتیەكان نادات و گوێ بە هۆشدارییەكان دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لەسێدارەدان نادات و دەیەوێت بڕیارەكە جێبەجێ بكات.


AM:11:45:19/06/2018