خانەقین...مانگرتنی گشتی ڕادەگەیەنرێت

بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە لەدژی ئەو هەڵمەتە تیرۆر و تۆقاندنەی لە خانەقین و دەوروبەری ئەنجام دەردرێت خەڵكی ئەو شارە مانگرتنێكی گشتی ڕابگەیەنێت.

سەلام عەبدوڵا، چالاكوانی دیاری خانەقین بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "بڕیارمانداوە ڕۆژی پێنجشەممە دانیشتوانی خانەقین دوكان و بازاڕ نەكەنەوە و جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزاریەكان كەسیان نەچنە سەركار، دژی ئەو هەڵمەتە بەرفراوانی تیرۆرەی دەرهەق بە خەڵكی ناوچەكە ئەنجام دەدرێت".

سەلام عەبدوڵا ڕەخنە لەو لایەن و كەسانە دەگرێت كە دەیانەوێت ڕێڕەوی مانگرتنەكە بشێوێنن و بیكەن بە خۆپیشاندان و داوا لە هاوڵاتیانی خانەقین دەكات بەدوای ئەو بانگەشانە نەكەن و لە ڕێگەی مانگرتن و مانەوە لە ماڵەوە ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر ئەو دۆخە خراپە پیشان بدەن كە ناوچەكەیانی گرتۆتەوە.

لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە خانەقین و بەشێك لە ناوچە جێناكۆكەكان شاڵاوێكی تیرۆر و ڕفاندن دەستی پێكردووە و ئەوەش هاوڵاتیانی شارەكەی توشی دڵەڕاوكێ و نیگەرانی كردووە و ناڕەزایی لەو دۆخە دەردەبڕن.



PM:01:55:19/06/2018