هەپەگە کوژرانی ژمارەیەک سەربازی تورکیای ڕاگەیاند

لە ئەنجامیی چەند چالاكییەكی گەریلاكانی هێزەكانی پاراستنی گەل- هەپەگە لە باکوری کوردستان ١٨ سەربازی سوپای توركیا كوژران.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی چەند چالاكییەكی گەریلاكان بڵاوكردەوە و زانیاری و وردەكارییەكانی ئەو چالاكییانەی ئاشكراكرد.

هەپەگە جەختكردوەتەوە، گەریلاكانمان دوێنێ لە جولەمێرگ لەدژی سوپای توركیا چالاكی ئەنجامدا، كاتژمێر ٠١:٤٠خولەكی پاشنیوەڕۆ لە گردی كۆردینەی سەربە چەلێ لەدژی پێگەیەكی سوپای تورك چالاكییەك ئەنجامدرا، ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی ئەو چالاكییە نەزانراوە.

ڕاشیگەیاند: هەمان ڕۆژ لەسەر گردی كۆردینە چالاكییەكی دیكە ئەنجامدرا، لەو چالاكییەدا پێنج سەرباز كوژران، كاتژمێر ٠٨:٤٥ خولەكی شەو كاروانێكی سەربازیی سوپای تورك كە لە جولەمێرگەوە دەچوو بەرەو چەلێ لە نزیك گوندی چەمێ بەدەل كرایە ئامانجی چالاكیی گەریلاكانمان، لەو چالاكییەدا ١٠ سەربازی سوپای تورك كوژران.

لە بەشێكی دیكەدا هەپەگە ڕایگەیاندووە: هاوكات ڕۆژی ١٧ی حوزەیران كاتژمێر ٠٥:٣٠ خولەك لە خۆزاتای دەرسیم هەلیكۆپتەرێكی لەجۆری سكۆرسكیی سوپای توركیان كردە ئامانج، ئەو هەلیكۆپتەرە گورزی توندی لێدرا و ناچاربوو لە ناوچەكە دووربكەوێتەوە.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە: ١٧ی حوزەیران لە دەورەبری شارۆچكەی تەتوانی سەربە بەدلیس چالاكییەك لەدژی سوپای تورك ئەنجامدرا، لەو چالاكییەشدا سێ سەربازی سوپای تورك كوژران و دوو سەربازی دیكەش برینداربوون.



PM:05:56:19/06/2018