پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو كەسێك گەنجێكی كوشتووە لەبەرئەوەی بە ئۆتۆمبێل دەستی بەسەر منداڵێكدا شكاندووەتەوە و تۆمەتبارەكەش خۆی ڕادەست كردووە.
پۆلیسی هەولێر لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك ئاماژەی بەوە كردووە، ڕووداوەكەی شەوی ڕابردووی گەڕەكی كورانی عەنكاوە لەسەر شكاندنەوە سەریەكتری بە ئۆتۆمبێل بووە و دوای ئەوەی بووەتە كێشە و دەمەقاڵێ لە ئاكامدا كەسێك كوژراوە بەناوی (نەبی عەزیز ئەحمەد)، كە تەمەنی ٢٨ ساڵە .
ڕاشیگەیاند، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و تۆمەتبار خۆی ڕادەستی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كردووە.
هاوكات عەزیز ئەحمەد، باوكی ئەو گەنجە چۆنێتی ڕووداوەكەی گێڕایەوە و وتی "پێش كاتژمێر ١١ی شەوی ڕابردوو، كەسێك هاتە بەردەم ماڵمان، پێی وتم كوڕەكەی تۆ بە ئۆتۆمبێل دەستی بەسەر منداڵێكی پێنج ساڵانی مندا شكاندووەتەوە، كوڕی تۆ هی ئەوە نییە بەسەر منداڵی مندا دەست بشكێنێتەوە، منیش پێم وت كاكە مادام منداڵەت هیچی لێنەهاتووە، لێی خۆشبە، بەڵام ئەو داوای كرد كوڕەكەم بانگ بكەمە بەر دەرگا".
وتیشی، دوای ئەوەی كوڕەكەی بانگكردووە، دەمەقاڵێ دروستبووە و ئەو كەسە بە دەمانچە، فیشەكێكی لەسەر دڵی كوڕەكەی داوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
عەزیز ئەحمەد داوای لە حكومەت كرد، مافی كوڕەكەی وەربگرنەوە، كە بە بەرچاوی خۆیەوە كوژراوە و وتی "وەكو چۆن كوڕی منی لەبەرچاوی خۆم كوشت و جەرگی سوتاندم، پێویستە ئەو كەسە بكوژرێتەوە".