جگە لە یەكێتی و پارتی هیچ لایەنێكی عێراقی تانەی لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن نەداوە..."سپی" نهێنیەكانی دوای بڕیارەكە ئاشكرادەكات

جگە لە دوو حزبی باڵادەستی هەرێمی كوردستان هیچ لایەنێكی عێراقی تانەی لە هەنمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق نەداوە و "سپی"یش چەند هەوڵێكی یەكێتی و پارتی بۆ ڕازیكردنی لایەنەكان بە تانەدان لەو یاسایە ئاشكرادەكات.

ڕۆژی 6ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقی پەسەند كرد، كە بەژمارە (45) لە ساڵی 2013 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەرچوو.

پاش دەرچونی یاساكەش هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم، یەكێتی لەڕێگەی سەرۆك كۆماری عێراق و پارتی لەڕێگەی فراكسیۆنەكەیان لە دادگای فیدرالی تانەیان لە یاساكەدا و تا ئێستاش هیچ حزبێكی دیكەی عێراق تانەی لەو هەموارە نەداوە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست "سپی میدیا" كەوتووە پاش دەرچونی یاساكە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان سەردانی لایەنە عێراقیەكان و لە سەروی هەموشیانە هاوپەیمانی سائیرون-ی كردووە بۆ ڕازیكردنیان بە تانەدان لە یاساكە، بەڵام لە لایەن لایەنە عێراقیەكانەوە ئەو داوایە ڕەتكراوەتەوە.

لە مادەی یەكەمی یاسای هەمواركردنەكەدا هاتووە كە مادەی 38 لە یاسای هەڵبژاردنەكان بەم شێوەیەی خوارەوە هەموار دەكرێ:

"كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پابەند دەبێ بەدووبارە ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەموو بنكەكانی هەڵبژاردنەكان لە سەرتاپای عێراق، ئەمەش بەسەرپەرشتی ئەنجوومەنی دادوەری باڵا و ئامادەبوونی بریكارەكانی كیانە سیاسییەكان و نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان".

هەروەها لە مادەی دووەمی یاسای هەمواركردنەكەدا هاتووە:

ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی دەرەوەی وڵات و دەنگدانە مەرجدارەكانی كەمپەكانی ئاوارەكان و جوڵەی نیشتەجێبووان لە پارێزگاكانی ئەنبار، سەڵاحەدین، نەینەوا و دیالە هەڵدەوەشێندرێنەوە، تەنها دەنگەكانی كەمینەكان نەبێ، ئەوانەی سیستەمی كۆتا دەیانگرێتەوە.

لە مادەی سێیەمی یاسای هەمواركردنەكەدا هاتووە:

بڕیارەكانی ئەم یاسایە بەسەر هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2018دا جێبەجێ دەبێت.

هەروەها لە مادەی چوارەمی یاسای هەمواركردنەكەدا هاتووە:

ئەم یاسایە لەو رۆژەوە جێبەجێ دەكرێ، كە دەنگی لەسەر دراوە.

لە كۆتایی یاسای هەمواركردنەكەشدا ئاماژە بەهۆكاری هەمواركردنەكە دراوە و تیایدا هاتووە كە بەهۆی ئەو پێشێلكارییە یاسایی و تەكنیكیانەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەی رۆژی 12/5/2018ی گرتەوە، هەروەها بۆ پاراستنی پرۆسەی دیموكراسی، بەشێوەیەك متمانە بەپاكی هەڵبژاردنەكان و دادوەری مسۆگەر بكات، هەروەها تاكو كۆمسیۆن بتوانێ دەنگەكان بەدەست جیابكاتەوە و بیانژمێرێتەوە، ئەم یاسایە دەركرا.




AM:11:41:20/06/2018