دوای هێرشكردنە سەریان هەدەپە گەورەترین كۆبوونەوەی جەماوەری لە ئامەد سازدەكات

پاش گرژی و ئاڵۆزیەكانی دوێنێی رۆها، ئەمڕۆ هەدەپە گەورەترین میتینگ لە ئامەد سازدەكات و ئەردۆغانیش لە رووها و مێردین دەبێت.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا كە تەنیا چوا رۆژی ماوە، پارتە سیاسییەكانی میتینگەكانیان بەرفراون كردووە و ئێستا لە شارە گەورەكان میتنگ ئەنجام دەدەن، رۆژی سێشەممە هەدەپە لە ئەنقەرە و رۆها میتینگی ئەنجامدا و هێرش كرایە سەر لایەنگرانیان ئەمڕۆش بڕیارە لە كاتژمێر 18:00 لە ئامەد كۆبوونەوەیەكی جەماوەری سازبكات.

بەگوێرەی زانیارییەكان گردبوونەوە جەماوەرییەكەی هەدەپە لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆن "5ی حوزەیران" لە ناوەندی شاری ئامەد سازدەكرێت و هەر دوێنێش كاندیدانی هەدەپە بۆ بەرپرسی رێكخستنەكانی ئەو پارتە بەمەبەستی ئاگاداركردنەوەی هاونیشتمانییانی ئامەد بۆ بەشداریی لە گردبوونەوەكەدا لە گەڕەك و شارۆچكەكانی ئامەد بڵاوكراوەیان بڵاوكردەوە و داوایان لە خەڵكی ئامەد كرد بەشداریی لە گردبوونەوەكەدا بكەن. 

هەر بەگوێرەی زانیاریەكان هەریەك لە پەروین بوڵدان و سەزایی تەمەللی هاوسەرۆكانی هەدەپە بەشداری لە گردبوونەوە جەماوەرییەكەدا دەكەن. 

هاوكات لەگەڵ میتینگی هەدەپە ئێوارەی ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و كاندیدی ئاكپارتی مەهەپە بۆ ئەو پۆستە لەكاتژمێر 14:00 لە رووها و دواتریش لە كاتژمێر 17:00 لە مێردین كۆبوونەوەیەكی جەماوەری بۆ لایەنگرانی ئاكپارتی سازدەكات.

ڕۆژی 24ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بەڕێوە دەچێت و شەش كاندید كێبڕكێی پۆستی سەرۆك كۆماری دەكەن.



PM:12:11:20/06/2018