پەكەكە هۆشداری دەداتە پارتی

هاوسەرۆكایەتیی كۆنسەی بەڕێوبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" پەیامێك ئاراستەی گەلی باشووری كوردستان دەكات هۆشداریش دەداتە پارتی دیموكراتی كوردستان.

كەجەكە لە پەیامەكەیدا رایگەیاندووە "دەسەڵاداریەتی فاشیستیی ئاكەپە و مەهەپە هێرش دەكاتە سەر هەموو شوێنێك كە تێیدا تاكەكوردێك ژیانێكی ئازاد دیموكراتی پێكهێنابێت، ئەو دەسەڵاتدارییە بە نكۆڵیكردن لە هەبوونی گەلی كورد هەوڵی قڕكردنی گەلی كوردی داوە، نەك تەنیا دوژمنی ژیانی ئازاد و دیموكراتی گەلی كورد لە باكوری كوردستان، بەڵكو لە دەرەوەی توركیاش دژایەتیی هەموو كوردێك دەكات كە خاوەندارێتی لە ژیانی ئازاد دیموكرات بكات، بەرچاوترین نموونەوە بۆ ئەوە، ڕیفراندۆمی باشوری كوردستان و هەروەها داگیركردنی عەفرینە، هەروەها دوژمنایەتیی ژیانی خۆبەرێوبەریی خەڵكی ئێزدی لە شەنگال دەكات، ڕۆژانە هەڕەشە لە گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان دەكات، ئەو هەڵوێستانە كارەكتەری فاشیستیی دەسەڵاتداریی ئاكەپە و مەهەپە دەخەنەڕوو".

كەجەكە ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە لە ئێستادا "فاشیزمیی ئاكەپە و مەهەپە هەڕەشە لە شەنگال و مەخمور و قەندیل دەكەن، نورەدین جانیكلی، وەزیری بەرگریی دەوڵەتەكەیان وتوویەتی: ‌٢٥ بۆ ٣٠ كیلۆمەتر چووینەتە ناوەوە، دەچینە قەندیلیش، بۆ هەر شوێنێكیش بچین چۆڵی ناكەین‌، ڕاشكاوانە وتوویەتی، كە ئەو بارەگایانەی ماوەی ١٥ ساڵە لە خاكی باشوری كوردستان هەیانە بۆ داگیركردنی ئەو خاكە بەكاریان دەهێنن".

هەروەها ڕایگەیاندووە "ئاشكرایە كە دەوڵەتی تورك بە بێ هاوكاریی پارتی ناتوانێت بچێتە شەنگال، مەخمور یان قەندیل، لە كاتێكدا كە گەریلاكانی هەپەگە شەنگالیان بەجێهێشتووە بۆچی دەبێت دەوڵەتی فاشیستیی ئاكەپە و مەهەپە هەڕەشەی هێرش بۆسەر شەنگال بكەن، دیارە بەمەبەستی داگیركردنی باشوری كوردستان و فشارخستنەسەر حكومەتی عێراق ئەو بابەتەیان كردووەتە ڕۆژەڤ، لەلایەكی دیكەوە ئەو هەڕەشانە گرێدراوی پروپاگەندە بۆ هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیرانیشن، لەئێستادا جگە لە هێرشی ئاسمانی هیچ جۆرە هێرشێكی دیكە بۆ سەر قەندیل لە ئارادا نییە، بەڵام ئەوان هێرشی هێزی پیادە بۆ سەر قەندیلیان كردووەتە پروپاگەندە و بۆ ئەوەی شۆڤینیزمی تورك بوروژێنن و دەنگەكانیان زیادبكەن".

كەجەكە هۆشداریش دەدات كە "دەتوانین لە هێرش و هەڕەشەكانی حكومەتی تورك تێبگەین، ئەوەی ناتوانین لێی تێبگەین بێدەنگیی پارتیی لەبەرامبەر ئەو هێرش و هەڕەشانەدایە، لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەدا بۆ داگیركاریی، كە پەیوەستن بە تێپەڕكردنی سنووری پارتییەوە، ئایا پارتی نابێت هەڵوێستی هەبێت؟".

راشیدەگەیەنێت "دەوڵەتی تورك پێكهاتنی حكومەتی فیدراڵی باشوری كوردستان وەك هەڵەیەكی مێژوویی خۆی ناودەنێت، ئێستاش بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو بەحساب هەڵەیەی هەموو كارێك دەكات و هەموو دەرفەتێك وەك هەل دەقۆزێتەوە، ئاشكرایە دەیانەوێت ئیرادەی هەموو گەلی كورد بچەوسێننەوە، ئەگەر لەوە تێنەگەن واتای وایە كە خەڵەتێندراوین، هەڕەشەكانی دەوڵەتی تورك بۆسەر قەندیل و مەخمور و شەنگال هەڕەشە بۆ داگیركردنی هەموو باشوری كوردستانە، بۆیە پێش پارتی و حكومەتی هەرێم بانگەوازیی گەلی كورد لە باشوری كوردستان دەكەین، كە لەدژی ئەو عەقڵییەتە داگیركارانەیدا خاوەن هەڵوێست بن".

راشیگەیاندووە "لە دەڤەری برادۆست چەند گردێك داگیركراون، لە هەرێمەكانی پاراستنی میدیا و قەندیل بەردەوام بۆردوومان هەیە، لەو بۆردوومانانەدا دەیان هاوڵاتیی مەدەنی كوژراون، ئەگەر گەلی كورد لە باشوری كوردستان لەدژی ئەو هێرشانە هەڵوێستی ئاشكرا پیشان نەدات، ئەو هێرشانە بەرفراوان دەبنەوە، ئێستا بەس بۆردوومان دەكەن، بەڵام ئەگەر پێوستبێت بە دەردی ئەردۆغان وتبووی، ژن و منداڵانیش دەكوژن".

داواش دەكات "گەلی كورد لە باشوری كوردستان لەدژی ئەو داگیركارییانە ڕاپەڕن، دەتوانن بە پشتگیریكردنی لە هێزی گەریلا ڕێگری بكەن لەو هێڕشانە، گەریلا وەكچۆن لە قەندیل بەرخۆدان دەكات لە هەموو شوێنی دیكەش بەردەوام دەبێت لە بەرخۆدان، هەموو چیا، دۆڵ، دەشت و شار و گوندەكانی كوردستان دەكەینە گۆڕستان بۆ فاشیستان".



PM:01:04:20/06/2018