سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت" تا ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلا نەكرێتەوە، پێشوازی لە شاندی پارتی و یەكێتی ناكەین و پێشنیازی دانیشتن و كۆبونەوەشمان لەگەڵ یەكێتی رەتكردەوە، هەتا بەیاننامە دژ بە هێرشی سەرگردی زەرگەتە دەرنەكەن لەگەڵیان كۆنابینەوە".
لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند" پێشوازی لەهیچ وەفدێكی پارتی و یەكێتی ناكەین تا ئەنجامەكانی هەڵبژاردن یەكلایی نەبێتەوە، هەر لەبەر ئەوەی ساختەكارییان لێكردین ئامادەنەبوین لەگەڵیان بچینە بەغداد ناكرێت هەموو جارێك بەناوی یەكڕیزیەوە دەست بخەنە بینەقاقای خۆت و حیزبەكەت، هاوكات باس لەوەش دەكات، یەكێتی داوای كۆبونەوە و سەردانیان كردووە بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان مەرجی دەركردنی بەیاننامەیەكی ناڕەزایی لەسەر هێرشكردنە سەر گردەكە بۆ یەكێتی داناوە دواتر لەگەڵیان كۆدەبینەوە، هاوكات دەشڵێت" لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستانیش ساختەكاریمان لێدەكرێت بەس بەم شێوازەی ئەمجارە نابێت."
سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی لەسەر بەردەوامی هەڵوێستی چوار لایەنەكە كردەوە و وتی" تا ئەم ساتە بڕیارمان بەوجۆرەیە تا یەكلایی نەبونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان وەفدمان لەگەڵ پارتی و یەكێتی ناچێتە بەغداد وە بەشداری لەپەرلەمانی عیراق ناكەین بەڵام دوای یەكلایی بونەوەی ئەنجامەكان دوبارە تاوتوێی ئەو پرسانە دەكەینەوە."
لەبارەی ئەگەری پێكهێنانی فراكسیۆنێكی هاوبەش لەنێوان ئەو لایەنانە مامۆستا جەمال وتی" باوەڕناكەم فراكسیۆنی هاوبەش پێكبهێنرێت بەڵام بەنیازین چوار لایەنەكە لەگەڵ دوو لایەنی تریش هاوپەیمنێتیەك پێكبهێنین تا بۆ لەمەو دوا لە هەڵوێستەكانماندا لە بەغداد و كوردستان پێكەوە بین."
سەبارەت بەوەی ئایا هیچ گرەنتیەكتان وەرگرتووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕەخنەكانتان دوبارە نەبێتەوە یا بەشداری پەرلەمانی كوردستانیش لەهەڵبژاردنی داهاتوو وەك یەكێك لە ئەگەرەكان ناكەن؟ جەمال حاجی محەمەد وتی" نەخێر هیچ گرەنتیەكمان وەرنەگرتووە بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان ڕایگەیاند، جیاكردنەوەی دەنگەكان لەم هەڵبژاردنەدا بەدەست دەبێت ئەگەرچی ئێمە پێشوتر گلەیمان لەوەش هەبوو بەڵام باشتر بوو بەو ڕادە زۆرە غەدر و ساختەكاریمان لێنەكرابوو، بەپێچەوانەوە بەشداری لە پەرلەمانی كوردستان دەكەین چونكە ئەوێ بەمەیدانی شەڕی خۆمان دژ بە ساختەكاری و گەندەڵی دەزانین."
جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی" لێت ناشارمەوە ئەمجارەش ساختەكاریمان لێدەكرێت، بەڵام بەو شێوازە نابێت ئێمە بەنیازی(١٥) كورسی بوین بەڵام(٥) كورسیمان بدرێتێ، خۆ ئەمە یەكەمجار نیە، هەموو جارێك ساختەكاریمان لێكراوە بۆ نمونە لەهەڵبژردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی(١٧) كورسیمان هێنابوو بەڵام (١٢) كورسیمان بۆ حساب كرا."