ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەوروپی چاودێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکەن

٦٠ پەرلەمەنتار لە ١٧ وڵاتی جیاوازی ئەوروپیەوە بۆ چاودێری کردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار لە تورکیا دەگەنە ئەو وڵاتە و پەرلەمانتاێکی کوردیشی تێدایە.

ئەو ٦۰ پەرلەمانتارە لە چوارچێوەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا سەردانی تورکیا دەکەن.

جەبار ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی سوید و ئەندامی شاندی ئەو وڵاتە بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان لە تورکیا بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "بەشێکی ئەو پەرلەمەنتارانە لە چوارچێوەی شاندێکی چوار کەسییە کە لە لایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانی سویدەوە دەستنیشان کراوە و پێک دێت لە پەرلەمانتاران "مارگەرێتا سێدەرفەلت، سیسیلیا ماگنوسسۆن، ئێدڤارد ڕیدل و جەبار ئەمین".

وتیشی "شاندە سویدیەکە بە یاوەری کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی سوید ڕۆژی ئەمڕۆ پێنج شەممە  دەگاتە تورکیا و لەوێ دەمێنێتەوە تاکوو پاش هەڵبژاردنەکان کە ڕۆژی یەکشەممەی ٢٤/٦/٢٠١٨".

پەرلەمەنتارەکانی ئەو ١٧ وڵاتە کە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دەکەن دابەش دەکرێن بەسەر شارە جیاوازەکانی تورکیا بە مەبەستی چاودێری پرۆسە جیاوازەکانی هەڵبژاردن، بۆ نمونە کاتی دەنگدان، کاتی داخستنی بنکەکانی دەنگدان، کاتی ژماردنی دەنگەکان.

ڕۆژی 24ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بەڕێوە دەچێت و شەش كاندید كێبڕكێی پۆستی سەرۆك كۆماری دەكەن.



AM:09:52:21/06/2018