دادگای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، دانیشتنەکەی 6ی حوزەیرانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشتی بە پەیڕەوی ناوخۆ بەستووە بۆیە بڕیاری ژماردنی دەستی بۆ دەنگەكان دەستورییە، هاوکات داواکاری هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەکان و هەرێمی کوردستانیشی ڕەتکردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای فیدراڵی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار و تاوتوێكردنی سكاڵاكەی سەرۆك كۆماری عێراق و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبووەوە.
لە پاش کۆبونەوەکە، دادگاکە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەستوورییە و لە دانیشتنی 6ی حوزەیراندا پشتی بە پەیڕەوی ناوخۆ بەستووە، بۆیە بڕیاری ژماردنی دەستی بۆ دەنگەكان دەستورییە.
وتیشی، "هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوەو دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستان و مەرجداركردنی دەنگدانی ئاوارەكانی عێراق بەهەدەردانی دەنگە، بۆیە ەبێت دەنگی هێزە تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان و دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەكان بەدەست بژمێردرێنەوە".
دادگای فیدراڵی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، "تا دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو دەستپێدەكات، ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران دەسەڵاتی دەركردنی یاسایی هەیە".