بەرەی تورکمانی عێراق هەڵوێستی خۆی لە بارەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی راگەیاند

جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق و ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە بەرەکەیان  پشتیوانی لە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی دەکات، لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە بەیاننامەیەکدا حەسەن تۆران، رایگەیاند "بەرەی تورکمانی عێراق، پێشوازی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکات لەبارەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکان".

وتیشی، "پێیان وایە ئەو بڕیارە سەرکەوتنە بۆ ئیرادەی گەلی عێراق و ئەو ساختەکاریە رەتدەکاتەوە، کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەتایبەتی لە پارێزگاری کەرکووک کراوە، ئەمەش شۆڕشێکە بۆ ئابڕووبردنی ساختەکاران".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی حوزەیران، دادگای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنی خۆیدا رایگەیاند، دانیشتنەکەی 6ی حوزەیرانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشتی بە پەیڕەوی ناوخۆ بەستووە بۆیە بڕیاری ژماردنی دەستی بۆ دەنگەكان دەستورییە، هاوکات داواکاری هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەکان و هەرێمی کوردستانیشی ڕەتکردەوە.


PM:03:06:21/06/2018