یەکگرتوو هەڵوێستی خۆی لە بارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق راگەیاند

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پیشوازی خۆی بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی راگەیاندو هیواشی خواست کە حیزبە سیاسیەكان چاوكراوەتربن، بۆ ئەوەی دوبارە گزی كاری نەكرێت.

سەڵاحەدین بەهادین، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست و جێگرتنەوەی دادوەرەکانی لە شوێن ئەندامانی کۆمیسیاران و بەرپرسانی ئۆفیسی کۆمسیۆن لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق لە جێگەی خۆیدا بووە.

وتیشی، "گزیكاری لە دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكاندا هەبووە، سەرەڕای ئەوەش دادگا داواكاری هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی رەتكردووەتەوە، بەڵام گرنگتر لە ئەوە هەژماركردنەوەی دەنگەكانە بە دەست".

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، "هیوادارین حیزبە سیاسیەكان چاوكراوەتربن و با ئەمجارەیان گزی كاری نەكرێت ئەو پشێوییەی كەلە كوردستاندا نراوەتەوە لەبەرژوەندی كەسدا نیە و نابێت تەنها لەبەر دوو كورسی یان زیاتر كوردستان بكریتە قوربانی".

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەڵاحەدین بەهادین وتی "بەلامانەوە ئاساییە هەڵبژاردن چەند مانگێک دوابکەوێت و لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا بەرێوەبچێت."

سەڵاحەدین بەهادین وتیشی، "لەلای خۆمانەوە وەك یەكگرتوو ئامادەییمان دەبڕیوە كە هێزە ئیسلاح خوازەكان بەیەكەوە كاربكەن پێكەوە هەنگاوی جددی بنێین، ئێمە لەگەڵ ئەوەین كە هێزە ناڕازییەكان هەنگاوی جددی بنێین بۆدژایەتی گەندەڵی نەك كەسی تر".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی حوزەیران، دادگای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنی خۆیدا رایگەیاند، دانیشتنەکەی 6ی حوزەیرانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشتی بە پەیڕەوی ناوخۆ بەستووە بۆیە بڕیاری ژماردنی دەستی بۆ دەنگەكان دەستورییە، هاوکات داواکاری هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەکان و هەرێمی کوردستانیشی ڕەتکردەوە.



PM:03:37:21/06/2018