ئاسایشی راپەرین دەستگیرکردنی باندێکی ماددە هۆشبەرەكانی راگەیاند

ئاسایشی راپەرین رایگەیاند، هێزەكانیان ئاسایش لە سنوری ئیدارەی راپەرین، باندیكی ماددە هۆشبەرەكانیان دەستگیركردووە، كە لە چواركەس پێكهاتوون و ویستویانە مامەڵە بەمادەی هۆشبەرەوە بكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا محەمەد فازیڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئاسایشی راپەرین راگەیاند، لە هەڵمەتێكدا هێزەكانی ئاسایش توانیویانە رێگری بكەن لە باندیكی چەكدار، كە لە چوار كەس پێكهاتبوون، هاوكات دەستیش بەسەر دووئۆتۆمبێلی تایبەتدا بگرن، كە بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەری تیدابووە لە حەبی جۆری ترامادۆل كە بڕەكەی هەزارو 388 پارچەبووە.

ئاماژەی بەوەشكردوە، "لەلایەن دادوەرەوە بەپێی ماددەی یاسای چواردەی هۆشبەر، دۆسیەی لیكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە و سەرجەم تۆمەتبارانیش دەست بەسەركراون".

محەمەد فازیڵ ئەوەشی خستوەتەڕوو، "هێزەكانی ئاسایشی راپەرین بەردەوام توانیویانە چاودێری ئەوباندو قاچاخچیانە بكەن، كە دەیانەوێت مامەڵە بەمادەی هۆشبەرەوە بكەن، سەرجەم رێكارەكان گیراونەتەوە بەر بۆ رێگریكردن لەوكارە".

PM:04:13:21/06/2018