بەرهەم ساڵح: بڕیاری دادگای فیدراڵی بە تەنیا بەس نییە

سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری رایگەیاند " ئەم بڕیارە بە تەنیا بەس نییە، بەڵكە سەرەتایە، پێویستە لایەنە پەیوندیدارەكان ھاوكار بن بۆ ئەوەی ھەمواری قانوونی ھەڵبژاردنەكان و بڕیاڕی دادگای فیدرالی عیراق جێبەجێ بكرێت و بوار نەدرێ بە شێوازی تر ئاسەواری ساختەكاریەكان و ناكۆكی و لێكترازان بەردەوام بێت".

لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری دەڵێت" چاوەڕوانین لە دەسەڵاتی دادوەری ئەركە یاساییەكانی خۆی دوور لە دەستێوەردانی سیاسی بە ئەنجام بگەیەنێت. دەربازكردنی ئەم ولاتە لە قەیرانی سیاسی و ساختەكاری بەندە بە سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دسەڵاتی دادوەری. بۆ ئەم مەبەستەش گرنگە دامەزراوەكانی حوكمڕانی و لایەنە سیاسیەكانیش هاوكار بن بۆ بەئەنجام گەیاندنی هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە شێوەیەكی ڕاست و بێ دوواكەوتن و بە دوواداچوونی یاسایی تەواوی پێشێلكاریەكا".

دەقی پەیامەكەی :
بڕیاڕی دادگای فیدرالی عیراق سەرەتایەكی گرنگە بۆ گێڕانەوەی دەنگی ھاوڵاتیان، و هیوادارین بیتە مایەی چارەسەری بنەڕەتی ساختەكاریەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن. ئێمە لە ھاوپەیمانی هەر زووبەزوو پێداگیرمان كرد لەسەر ڕێكارە یاسایی و دەستوریەكان بۆ پارێزگاری لە دەنگی هاوڵاتیان.
ئەم بڕیارە بە تەنیا بەس نییە، بەڵكە سەرەتایە، پێویستە لایەنە پەیوندیدارەكان ھاوكار بن بۆ ئەوەی ھەمواری قانوونی ھەڵبژاردنەكان و بڕیاڕی دادگای فیدرالی عیراق جێبەجێ بكرێت و بوار نەدرێ بە شێوازی تر ئاسەواری ساختەكاریەكان و ناكۆكی و لێكترازان بەردەوام بێت. پێویستە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری پارێزراو بێت و قەوارە سیاسیەكان پشتیوان بن بۆ پیاچوونەوەی گشتگیری پرۆسەی هەڵبژاردن و ئاشكراكردنی پێشێلكاریەكان، لە سەرەتاوە تا كۆتایی، چونكە ڕوونە تەنیا ساختەكاری لە پرۆسەی دەنگدان نەكراوە، بەڵكو گواستنەوەو كۆكردنەوەی سندوقەكانیش دوای تەواوبوونی پرۆسەكە گومانی زۆری لەسەرە، و ئێستاش مایەی مەترسیە لەسەر دەنگی ڕاستەقینەی هاوڵاتیان.

چاوەڕوانین لە دەسەڵاتی دادوەری ئەركە یاساییەكانی خۆی دوور لە دەستێوەردانی سیاسی بە ئەنجام بگەیەنێت. دەربازكردنی ئەم ولاتە لە قەیرانی سیاسی و ساختەكاری بەندە بە سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دسەڵاتی دادوەری. بۆ ئەم مەبەستەش گرنگە دامەزراوەكانی حوكمڕانی و لایەنە سیاسیەكانیش هاوكار بن بۆ بەئەنجام گەیاندنی هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە شێوەیەكی ڕاست و بێ دوواكەوتن و بە دوواداچوونی یاسایی تەواوی پێشێلكاریەكان.

ئێمە لە ھاوپەیمانی پێشوازی لە بڕیاڕی ڕەتكردنەوەی بڕگەی ھەژمارنەكردنی دەنگی تایبەتی پێشمەرگەو ھێزە ئەمنیەكان دەكات. وھەر لەسەرەتاشەوە بە رەسمی ڕامانگەیاند كە هاوپەیمانی لایەنگیری هەژماركردنی دەنگی ڕاستەقینەی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆیە. پێشمەرگە بەرجەستەی خەبات و بەرگری گەلی كوردستانن و جێگەی ڕێز و پێزانینمانن.

بەڵكە ئەم وەزعە ببێتە دەرفەتی پیاچوونەوەیەكی گشتگیری هۆكارە بنەڕەتیەكانی قەیرانی سیاسی و ڕێكەوتن لەسەر نەخشەڕێگای چارەسەری كێشەكان. ناكرێ ئەم گەلە هەروا گیرۆدەی گێژاوی قەیران بەدوای قەیران بێت. لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ ئێستا و ئایندەی گەل، هاوپەیمانی پشتیوانی لە ڕاوێژ و دایەلۆگی كراوە وبەرفراون دەكات لەسەر ئاستی كوردستان و عیراقیش بۆ تەكبیركردن لەم وەزعە ودەربازبوون لەم گێژاوە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافی هاوڵاتیان و سەروەری یاسا و پاراستنی یەكڕیزی و ئاشتەوایی كۆمەلایەتی



PM:07:47:21/06/2018