شەش لایەنی ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دوای کۆبوونەوەیان لە سلێمانی داوا دەکەن "ئەو دادوەرە بەڕێزانەی کە بڕیارە سەرپەرشتی کارەکانی کۆمیسیۆن بکەن بێ لایەنانە کارەکانیان ئەنجام بدەن و ئەو ڕێگریانەی هەتا ئێستا هەبووە لە چاودێریکردنی ووردی پڕۆسەکە نەهێڵدرێن و ڕێکارەکانی تایبەت بە ئەژمارکردنەوەی دەستی دەنگەکان وەک خۆی جێبەجێبکرێن".
دهقی راگهیهندراوهكه:
دوا بەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵپژاردنەکان ۱۲ی ٥ و دەرکەوتنی گزیکاری، ساختەکاری و دزینی دەنگی خەڵک، ئێمە لە شەش لایەنی گۆڕان، یەکگرتوو، هاوپەیمانی، کۆمەڵ، شیوعی و بزوونتنەوەی ئیسلامی سەرلەبەری ئەنجامەکانمان ڕەتکردۆتەوە و داکۆکیکار و پارێزەری دەنگی خەڵک بووین و هەوڵەکانمان سەرەنجام سەرکەوتنی بەدەستهێنا و گەیشتە هەمووارکردنەوەی یاسای (٤٥)ی ۲۰۱۳ و بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی عێراق و بە شەرعی ناساندنی هەمووارەکە و بژاردنەوەی تەواوی دەنگەکان بە دەست.
لە ڕووانگەی ئەوەی کە خۆمان بە پارێزەری یاسا و دەنگی خەڵک دەزانین، ڕێز لە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی دەکەین بە بڕیاری بژاردنەوەی دەنگی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ و تاراوگە و ئاوارەکانیشەوە، بۆ ڕێزگرتنیش لە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی عێڕاق و هەمووارکردنەوەی یاسای (٤٥)ی ۲۰۱۳، ئێمە چاودێری بژاردنەوەی دەستی دەنگەکای دەنگدەران دەکەین لە کاتێکدا بە ڕای گشتی و خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنین کە سندوقەکانی دەنگدان لە ماوەی ڕابووردوو دا وەک پێویست لە ژێر چاودێری بریکارەکانی ئێمەدا نەبوون بە هۆکاری ڕێگری لە بریکارەکان و هەڵکەوتە و چۆنیەتی هەڵگرتنی سندوق و کەرەستەکانی دەنگدان.
لە کۆتاییدا ئومێد دەکەین ئەو دادوەرە بەڕێزانەی کە بڕیارە سەرپەرشتی کارەکانی کۆمیسیۆن بکەن بێ لایەنانە کارەکانیان ئەنجام بدەن و ئەو ڕێگریانەی هەتا ئێستا هەبووە لە چاودێریکردنی ووردی پڕۆسەکە نەهێڵدرێن و ڕێکارەکانی تایبەت بە ئەژمارکردنەوەی دەستی دەنگەکان وەک خۆی جێبەجێبکرێن.
(بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، هاوپەیمانی دیموکراسی و داپەروەری، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان).