قادر قەچاخ: "پەکەکە سێ هەزار گەنج و منداڵی شنگالی رفاندووە"

 قادر قەچاخ رایگەیاند "چەکدارانی پەکەکە هاوشێوەی تیرۆریستانی داعش دەستیان هەبووە لە رفاندنی هاووڵاتییانی شنگال، تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار منداڵ و نەوجەوانیان رفاندووە و لە قوتابخانەکانی خۆیاندا پەروەردەیان کردوون".

ئاژاانسی ئانادۆڵی فەرمی حکومەتی تورکیا بڵاویکردەوە، بەرپرسی لقی ١٧ شنگالی پارتی دیموكراتی كوردستان، قادر قەچاخ رایگەیاند "پەكەكە و حەشدی شەعبی تا ئێستاش هەماهەنگ و هاوكاری یەكترن، بەبێ پشتگیری حەشدی شەعبی، پەكەكە ناتوانێت لە شنگال بمێنێتەوە".

قادر قەچاخ لە لێدوانێكی بۆ ئەو ئاژانسە وتی: "ژمارەی كەسە رفێندراوەكانی ژێر دەستی چەكدارانی پەكەكە لە سەرەتای جێگیربوونیان لە شنگال و دەورووبەری تا ئێستا گەیشتووەتە سێ هەزار كەس، رفێندراوان منداڵ و نەوجەوانن و بەشی هەرە زۆریان كوردی ئێزدین و ژمارەیەك موسلمانیشیان لەگەڵدایە لە رەگەزی نێر و مێ پێكدێن، رێگەش نەدراوە كەسوكاری رفێندراوان بۆ جارێكیش چاویان بە منداڵەكانیان بكەوێت".

وتیشی: "پەكەكە سەرجەم رفێندراوان لەسەر بیروباوەڕی چەوتی خۆی پەروەردە دەكات و راهێنانی چەكداری بە منداڵەكان دەكات و ئامانجی پەكەكە زیادكردنی ژمارەی چەكدارەكانییەتی لە شنگال و دەورووبەری، بە مەبەستی بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە ناوچەكە، بە دووری نازانین ئەو هاووڵاتییە رفێندراوانەی شنگال لە سووریا و شوێنی دیكە بە كوشت بدرێن".

قاچاخ لە کاتێکدا ئەم لێدوانە دەدات فڕۆکەو تۆپبخانەکانی تورکیا رۆژانە ناوچە جیاجیاکانی دهۆک بۆردومان دەکات، ئەم بەرپرسەی پارتی لەو دەڤەرە، تەنها وشەیەکیشی لەسەر نەوتووە.

ئەم لێدوانەی قاچاخ لە کاتێکدایە یەک شەممە ٢٤ ی حوزەیران هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیاو پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئەنجامدەدرێت و، کێبەركێیەکی بەهێز لەنێوان ئۆردوغان و هەدەپە، حیزبە کوردیەکەدا هەیە، کە ئۆردوغان دەیەوێت رێژەی ١٠% کەمتر بهێنن و دەنگەکانی بۆ حیزبەکەی ئەو بچێت.



AM:12:01:23/06/2018