پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی چەند تۆمەتبارێکی راگەیاند

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی رووداوەکانی کوشتنی هەفتەی رابردووی ناو شاری هەولێر.

ئەمڕۆ شەممە عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا و بە هاوکاری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان توانیومانە  چەند کەسێک دەستگیربکین کە تۆمەتباربوون بە ئەنجامدانی رووداوەکانی کوشتنی هەفتەی رابردوو.
 وتیشی، لە ئیستادا تەنها یەک دوو حاڵەت ماوە، لە ماوەیەکی کەمدا ئەوانیش دەستگیر دەکرێن و دواتر رادەستی دادگا دەکرێن.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لەو تۆمەتبارانەی کە دەستگیرکراون، ئەو کەسەیە کە لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل بەسەر یەکتردا گەنجێکی لەناو شاری هەولێردا کوشتووە.

شەوی سێشەمەی رابردوو لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل بەسەر یەکتریدا گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ لەناو ماڵەکەی خۆیدا لە شاری هەولێر بە بەرچاوی خانەوادەکەیەوە کوژرا.

دواتر رۆژی پێنجشەممە لەسەر رێگای نێوان هەولێر- کەسنەزان گەنجێک بەناوی راستگۆ لەلایەن چەند کەسێکەوە کوژرا،هەروەها دوێنێ هەینیش  لە یەکێک لە نەمامگەکانی هەولێر لەسەر رێگای سەد مەتری، تەقە لە باوک و کوڕێک کرا و گیانیان لەدەستدا


PM:03:03:23/06/2018