"ئاکەپە لە شاری ئورفە لە باکوری کوردستان ساختەکاری دەکات"

لە ناوچەیەکی باکوری کوردستان هێزێکی چەکدار هەڵیان کوتاوەتە سەر چەند بنکەیەکی دەنگدان و کاری ساختەکارییان بۆ حزبەکەی ئەردۆغان ئەنجامداوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و ھەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٧ەمین خولی پەرلەمان لە سەرانسەری تورکیا، دەستیپێکرد و لەکاتی بەڕێوەچونی پرۆسەکەشدا میدیاکانی تورکیا بە گشتی، باس لە کاری ساختەکاری دەکەن لە ناوچەی پڕسۆس-ی باکوری کوردستان کە سەر بە ئورفا(روحا)یە و ناوچەیەکی کوردنشینە، کە لەلایەن حزبەکەی ئەردۆغان ئەکەپەوە ئەنجامدەدرێت

میدیاکان ئاماژە بەوەشدەکان، ژمارەیەک چەکداری سەر بە ئاکەپە چونەتە سەر چەند بنکەیەکی ناوچەکەو دەستیان بەسەر سندوقەکاندا گرتووەو کاری ساختەکارییان تێادا ئەنجامداوە.

لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەدا کە بە بڕیاری سەرۆکی تورکیا ئۆردوغان و، زۆرینەی پەرلەمانی ئاکەپە بڕیاری لەسەر درا، دوو پرۆسەی دەنگدانی تیادا ئەنجام دەدرێت، یەکێکیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێک کە دەسەلآتێکی زۆری هەیە، لەگەڵ پەرلەمانێکی نوێ بۆ ولآت.

بۆ پۆستی سەرۆکی ولآت شەش بەربژێر خۆیان کاندیدکردووە، کە بەهێزترین وەک راپرسیەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، ئۆردوغانی سەرۆکی ئێستا و، ئینجە بەربژێری جەهەپەیە، هاوکات سەرکردە کوردە گەنجە زیندانییەکە، سەلاحەدین دەمیرتاش، یەکێکە لە بەربژێرە دیارەکانی هەڵبژاردنەکە.

لە پرۆسەی دووەمی هەڵبژاردندا هەشت حیزب بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا دەکەن بۆ بردنەوەی ٦٠٠ کورسی کە لەهەڵبژاردنی پێشوودا ٥٥٠ کورسی بوو. لەگەڵ ٦٨ کاندیدى سەربەخۆ، هەروەها چوار هەزار و ٨٠٠ کاندیدى سەرجەم حزبەکان کە ٩٧٧ کاندیدیان ژنن.

تورکیا لە ٨١ پارێزگا پێکهاتووە و دابەشکراوە بەسەر ٨٧ بازنەدا و هەریەک لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە سێ بازنە و ئیزمیر و بۆرسە لە دوو بازنە و  پارێزگاکانى تر هەریەکەیان بازنەیەکیان بۆ دانراوە.


PM:12:22:24/06/2018