ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاندووە، لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی هاوپەیمانییەك بە ناوی لیستی ئیسلامخوازان پێكدەهێنن و بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.
ئەرسەلان ساڵح، بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەكگرتوو و ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی بە میدیای حزبەكەی ڕاگەیاندووە "لە كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكگرتوودا شێوازی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێكردووە، كە بە دەنگی زۆرینەی سەركردایەتی بڕیاردرا بە دروستكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی و پێكهێنانی لیستی ئیسلامخوازان".
لەبارەی بەشداری كۆمەڵی ئیسلامی لەو لیستە ئیسلامییە، ئەرسەلان ساڵح وتوویەتی "كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریان لە لیستی ئیسلامی رەتكردووەتەوه و بەشداری تێدا ناكەن، كە ئێمە پێمانخۆش بوو ئەوانیش بەشداری بكەن چونكە لیستەكە كراوەیە بە ڕووی هەموو لایەن و رێكخراو و كەسایەتییە ئیسلامییەكاندا".
بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەشكردووە "پێشتریش بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، داواكاری پێكهێنانی لیستی هاوبەشی كرد، بەڵام لەلایەن ئەنجومەنی سەكردایەتییەوە ئەو داوایە دەنگی نەهێنا و رەتكرایەوە".
ئەوەشی وتووە "هەر ئەمڕۆش هاوپەیمانێتی نێوان یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی، لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم بە فەرمی تۆمار كرا".