لە دهۆک دەست بەدابەشکردنی بەنزینی حکومەتی عێراق کرا

دهۆک دەست بە دابەشکردنی بەنزینی حکومی دەکرێت، بەوتەی بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگاکەش لە ئەگەری بەردەوامبوونی پێدانی ئەو بڕە بەنزینە یان زیاترکردنی، بەشێوەیەکی گشتی بەسەر هەموو جۆرەکانی ئۆتۆمبێل دابەشدەکرێت.

موحسن تەها محەممەد، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە رووداوی راگەیاندووە "لە چوار بەنزینخانەی پارێزگای دهۆک هەموو ئامادەکارییەکان کراون بۆ دابەشکردنی ئەو بڕە بەنزینەی کە لەلایەن عێراقی فیدراڵەوە بۆ پارێزگای دهۆک تەرخانکراوە، کە بڕەکەی لە قۆناخی یەکەم یەک ملیۆن لیترە".

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک دەڵێت: "نرخی یەک لیتر بەنزین لەو چوار بەنزینخایە 640 دینارە، سەرچاوەی بەنزینەکەش لە پاڵاوتگەی کار دێت، لەوێ بە 600 دینار باردەکرێت، تێچووی گواستنەوەی 15 دینارە و حەقی بەنزینخانەش 25 دینارە، کە دەگاتە 640 دینار".

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک دەشڵێت: "ئەمڕۆ یەکەم رۆژی دابەشکردنی ئەو بەنزینەیە، وەکو هەنگاوی یەکەمیش بە باشمانزانی ئەو بەنزینە بدەینە تاکسی و پاس و مینی پاسەکان".

سەبارەت بە شوێنی بەنزینخانەکان، موحسن تەها، گوتی: "ئەو چوار بەنزینخانەیەشی کە ئەو بەنزینەی تێدا دابەشدەکردێت، یەکێکیان دەکەوێتە ئاکرێ (بەنزینخانەی سیپە)، لە سەنتەری پارێزگای دهۆک لە (بەنزینخانەی دهۆک سپۆرت) و (بەنزینخانەی مەتین 2 )دابەشدەکرێت، لە زاخۆش لە (بەنزینخانەی پرا زێڕین) دابەشدەکرێت".



PM:03:49:25/06/2018