سەرۆکی نەوەی نوێ رایگەیاند" حیزبی کوردی لەوەتەی هەیە کێشە بۆ خەڵک دروستەدەکات" هەروەها وتیشی" پارتی و یەکێتی تائێستا ئەوەی کردویانە بۆیان چووەتە سەر، ئەوەش بەهۆی چەند هۆکارێکەوەیە کە یەکێکیان لاوازی لایەنەکانی ترە، چارەسەری راستەقینەش ئەوەیە لەمەودوا هێزێکی ئازای جیاواز بەرەنگاری ئەو دوو هێزە و نوخبە سیاسییەی ئێستا ببێتەوە".
لە پانێڵێکدا کە تایبەت بوو بە دۆخی سیاسی هەرێم و عێراق، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەکرد، پارتی و یەکێتی بەهۆی بەرژەوەندییە مادییەکانی خۆیانەوە ماونەتەوە لە دەسەڵاتدا، بەو تەزویرە زۆرەشەوە کە کردویانە هێشتا لەسەدا ٣٥ی دەنگی خەڵکی کوردستانیان بەدەستهێناوە.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتیشی، کێشەکە لەوەدایە کە بەدیلەکانی پارتی و یەکێتی چی دەکەن، ئایا هەر خەریکی کۆبوونەوە دەبن، یان هەنگاوی جددی دەگرنە بەر بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو دوو هێزە.
شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەشکرد، لەساڵی ٢٠١٤ بۆیەکەمجار کورد بە یەکڕیزی چووە بەغدا، بەڵام کورد خراپترین دۆخی بەسەردا هات، بۆیە بەیەکڕیزی چونە بەغدا هیچ گرنگییەکی نییە، چونکە ئەوەی لەبەغدا رۆڵ دەبینێت هەندێ هاوکێشەی دەرەکی و ناوچەیی و شێوازی یاری هێزە سیاسییەکانە.