بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بەمەبەستی ڕووبەڕووبونەوە لە نەخۆشی کۆلێرا کۆبووەوەو تییادا پلانو رێنماییەکانی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە بەهۆی پلەکانی گەرماوە راگەیاند.
بگویرەی راگەیەندراوێکی تەندروستی سلێمانی، رۆژی پێنجشەمە لە دیوانی تەندروستی، بەسەرپەرشتی د.صباح نصرالدین احمد بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بە ئامادەبوونی هەر یەك لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەك ئاوی سلێمانی و ئاوی ژێر زەوی و خۆپارێزی تەندروستی و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی who و ڕێكخراوی unicef و بەرپرسانی تری تەندروستی، كۆبونەوەیەكی تایبەت بە پلان و ئامادەكارییەكان بۆ ڕووبەڕوو بونەوەو پێشگیری لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆلێرا بەڕێوەچوو.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە لەكۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر پلان و ئامادەكارییە پێش وەختەكان بەبۆنەی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماوە بۆ مەبەستی ڕێگری كردن و پێشگیری لە ئەگەری بڵاوبونەوەی هەر حاڵەتێكی كولێرا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا د.ڕزگار علی بەڕێوبەری خۆپارێزی تەندروستی سلێمانی، راِیگەیاندووە، ئامانجەكە ڕێگریكردنە لە بڵاوبونەوەی هەر حاڵەتێكی كولێرا بەتایبەت لەم گەرما بەتینەی هاویندا كە وەرزی گونجاوی نەخۆشییەكەیە، هەر بۆیە پێویستە بە پلەی یەكەم هاوڵاتیان خۆیان بەدووربگرن لە بەكارهێنانی ئاوی پیس و پشت بەو سەرچاوانەی ئاو ببەستن كە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستیەوە ڕێگەی پێ دراوەو بەردەوام پشكنین بۆ تەواوی ئەو سەرچاوانەش دەكەین كە ئاو دابەش دەكەن لە شاری سلێمانی و دەوروبەری".
هەروەها بەپێویستیشی زانی کەوا هاوڵاتیان لەم وەرزەدا هەوڵ بدەن پاك و خاوێن بن و زوو زوو دەستیان بشۆن و سەوزەو میوە باش بشۆنەوە و پێش خواردن و دوای خواردن و دوای دەستدان لە نەخۆش یان ئاژەڵ یاخود كاتی گۆڕینی دایبی منداڵ و هەر حاڵەتێكی تر دەبێت گرنگی زیاتر بدەن بە پاك و خاوێنی، دووربكەونەوە لە بەكارهێنانی ئاوی (كارێز،چەم و ڕووبار، كانیاوەكان) بەتایبەت لەم وەرزەدا گومانی پیس بوونی زیاتریان لێ دەكرێت".
سەبارەت بە ڕێستۆرانت و ئەو شوێنانەی هاوڵاتیان ڕووی تێ دەكەن جەختی زیاتر كرایەوە كە دەبێت ئەو سەوزەو خواردنانەی هەیانە پاك و خاوێن ڕابگیرێن و پابەندی ڕێنماییەكانی لیژنەكانی تەندروستی سلێمانی بن.
هەروەها باس لەوەش کراوە، "نەخۆشییەكانی سكچوون و ڕشانەوە یاخود كولێرا ترسناك نین، خۆشبەختانە دەتوانین لەڕێگای ئامادەكارییە پێش وەختەكانەوەو بەهەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێگری باشی لێ بكەین و ژیانێكی تەندروست تر بۆ هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و دەوروبەری دەستە بەربكەین".