بڕیارە جارێکی تر پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی تا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە پەسەند دەکرێت، سبەی کۆبێتەوە.
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوە دێت کە رۆژی پێنج شەممە نەتوانرا رێژەی یاسایی کە دەکاتە ١٦٣ ئەندامی پەرلەمان کۆبکرێتەوەو، تەنها ٦٠ ئەندام پەرلەمان ئامادەیی دانیشتنەکە بوون.
پەرلەمانی عێڕاق بوون بە دوو ئاراستەی جیاوازەوە، ئاراستەیەکیان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە کارێکی نادەستوری و پێشینەیەکی مەترسیدار ناوزەد دەکات لەسەر پرۆسەی سیاسی، ئاراستەیەکی تریشیان کە ژمارەیەکی بەرچاویان لەو ئەندام پەرلەمانانەن کە دەرنەچوون لە هەڵبژاردنی ١٢ ئایاری ئەمساڵدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە پەرلەمان بمێنێتەوە و چاودێری پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بن، تا دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە پەسەند دەکات.
سبەی شەممە ٣٠ ی حوزەیران دوا رۆژی یاسایی ئەم پەرلەمانەیە، کە ئاراستەی دووەم دەیەوێت نیوە زیاتر کۆبکاتەوە تا رێژەی یاسایی تەواو بکەن.