شەوی ڕابردوو جەماوەرێكی زۆر لە شاری خوڕەمشاری سەر بە پاریزگای خووزستان، لە ناڕەزایی بە نەبوونی ئاوی خواردنەوە ڕژانە سەر شەقامەكان و بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ هێزە ئەمنییەكان دەستڕێژی گوللەیان لە خەڵك كردووە و كەسێك گیانی لەدەست داوە.
سەرچاوە خۆجییەكان باس لەوە دەكەن كە جەماوەری ناڕازیی شاری خوڕەمشار لە چوارڕێیانی "موتەهەری" كۆبوونەتەوە و بە نەبوونی ئاوی خواردنەوە و ئیمكاناتی ژیان ناڕەزاییان دەربڕیوە و هەروەك لە وێنە و گرتە ڤیدیۆییەكاندا دەبینرێت، هێزە ئەمنییەكان بەرەوڕووی هاووڵاتیان تەقە دەكەن و زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كەسێك بەناوی "محەمەد ئەنساری" گیانی لەدەست داوە.
هەرچەند چەند سەرچاوەیەكی دیكە باس لە كوژران و برینداربوونی زیاتر لە پێنج كەس دەكەن، بەڵام قایمقامی خوڕەمشار بریندابوونی پێنج كەسی پشتڕاست كردووەتەوە.
دوای سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی خەڵكی تاران و شارەكانی دیكەی ئێران، ماوەی چەند ڕۆژێكە خەڵكی خوڕەمشار و ئابادان بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە و ئالوودەبوونی ئاو دەستیان داوەتە ناڕەزایی.
ماڵپەڕی ڕادیۆ فەردا لەمبارەوە بڵاویكردووەتەوە خەڵك لە خۆپیشاندانەكەدا دروشمی "مەرگ و نەمان بۆ كۆماری ئیسلامی و لادانی قایمقام"یان گوتووەتەوە.
بەپێی زانیاریی میدیاكانی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئاوی ئالوودە لە شاری "ڕاموهورمز"ی سەر بە پارێزگای خووزستان 180 كەس ژەهراوی بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەكان كراون.