حکومەتی عێراق ئەمڕۆ 1ی تەمموز راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هیچ مەترسییەک لەسەر بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لەعێراقدا نییە و زیادەڕەوی لەو بابەتەدا کراوە.
حکومەتی عێراق پشت بەراگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی دەبەستێت و ئەوە دوپاتدەکەنەوە کە 7 حاڵەتی ئەو نەخۆشییە لە عێراق تۆمارکراون کە پێنجیان بوونەتەهۆی مردن و دانەیەکیان چاک بوەتەوە و ئەوەی دیکەشیان لەژێر چارەسەردایە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی، ئەم نەخۆشییە دەمێکە لەعێراق و دەوڵەتانی چواردەوری هەیە و یەکەم حاڵەت لەساڵی 1979 تۆمارکراوە و لەو مێژوەشەوە چەندین تووشبوو لەعێراق تۆمارکراون، بەڵام سنورداربووە و لە وڵاتانی چواردەوریش چەندین حاڵەت هەبوون بەڵام نەبوەتە پەتا".
ئەوەش باسکراوە کە راپۆرتەکان دڵنیاییدەدەن کە ئەم نەخۆشییە لە نەخۆشییە هاوبەشەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵانە و لە کەسی توشبوو یان مێشوولەوە دەگوێزرێتەوە، بەڵام ئەگەر گۆشت باش بکوڵێنرێت نەخۆشییەکە ناگوێزێتەوە.
لەکۆتاییدا داوا لە دەزگا راگەیاندنەکان کراوە بەهۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ هەواڵی ئەم نەخۆشییە بکەن و زانیارییەکان لە کەسانی پسپۆڕ و تایبەتمەندەوە بگوێزنەوە.