لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی ١٤ خاڵی راگەیاند


لەسەر دۆخی ئەمنی پارێزگای سلێمانی لیژنەی ئەمنی باڵای پارێزگا ١٤ خاڵی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ ١ی تەموز له‌ دیوانی پارێزگای سلێمانیدا، پارێزگاری سلێمانی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی كرد، لە كۆبوونەوەكەدا بەوردیی باس لە بارودۆخی ئاسایش‌و ئارامیی پارێزگاكەو هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكە كراو لە کۆتاییدا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، سوپاسی هاووڵاتیان‌ و فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەكان كراوە كە بە گیانێكی بەرپرسانەو نیشتمانییانەوە ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ‌ كردووە و هاتووە:"لەپێناوی پاراستنی ئارامیی ‌و ئاسایشی هاوڵاتیان و پارێزگاكەماندا چەند بڕیارێکمان داوە".

بڕیارەکان کە لە ١٤ خاڵ پێکهاتووە، بریتین لە:
یەكەم: بەردەوامبوونی لیژنەی هاوبەشی هێزەكانی ناوخۆ كە پێشتر بەفەرمانی پارێزگار پێكهێنراون، بۆ بنەبڕكردنی تاوان‌ و دیاردەی چەكداریی ‌و ئۆتۆمبێلی بێ‌ ژمارەو بێ‌ مۆڵەت‌ و هەر سەرپێچییەكی تر.
دووەم: بەردەوامبوونی هەماهەنگیكردنی لیژنەی ئارامیی شاری سلێمانی و لیژنەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێنماییانەی بۆ قەدەغەكردنی دیاردەی سەرپێچیكردن ‌و زیادەڕەویی ‌و خراپیی كوالێتیی ‌و سواڵكردن ‌و تێكدانی نەزمی گشتیی و هەر دیاردەیەكی نەخوازراوی تر پێكهێنراون.
سێیەم: دەستگیركردنی هەموو ئەو گومانلێكراوانەی لەلایەن دادگاوە داواكراون.
چوارەم: هەر كەسێكی بیانیی كە مۆڵەتی مانەوەی لە هەرێمی كوردستاندا پێدراوە؛ پێویستە سێ‌ مانگ جارێك پشكنینێكی تەندروستیی ڕەسمیی بكات و بەپێچەوانەوە خۆیشی ‌و ئەو شوێنەیشی كاری تێدادەكات بەرپرسیار دەبن.
پێنجەم: هێزەكانی لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی و پۆلیسی بەرگریی ‌و فریاكەوتن، هاوكارو هەماهەنگی هێزەكانی ناوخۆو ئاسایش دەبن بۆ ڕێگرتن لە هەر زیادەڕەویی ‌و سەرپێچیكردن و هەر دۆخێكی پێویست، بەپێی ڕێنمایی پارێزگاری سلێمانی.
شەشەم: بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانیی پارێزگای سلێمانی، هەموو تیمەكانی ئامادە دەكات بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو و ئاگركەوتنەوەیەك، لەم بارەیەوە ڕێنمایی پێویست پێشكەش بە هاوڵاتیان و فەرمانگەو كۆمپانیاكان دەكات.
حەوتەم: بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان ‌و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ڕێگریی لە هەر حاڵەتێكی بیرهەڵكەندنی نایاسایی دەكات‌ و بەپێی یاساو له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕێنماییەكانی پارێزگاری سلێمانیدا، مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسییەیەدا دەكات، هەروەها بەوردیی ڕێنماییەكانی پەیوەست بە پاراستنی دارستان ‌و ژینگەو ڕاوكردن جێبەجێ‌ دەكات.
هەشتەم: ڕێكخستنەوەی گرتوخانەكان ‌و نەهێشتنی هیچ جیاوازیی‌ و جیاكارییەك ‌و چاودێریكردنی وردی شێڵتەرو خانەو گرتوخانەو دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكانی تر.
نۆیەم: پێویستە هەموو یەكە كارگێڕییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا، بڕیارو ڕێنماییه‌كانی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی جێبەجێبكه‌ن.
دەیەم: لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی لەچوارچێوەی كۆبوونەوەكانی سەروەریی یاسادا؛، لەگەڵ بەڕێزان سەرۆكی دادگاكان‌ و داواكاری گشتیی ‌و دادوەرەكاندا كۆدەبێتەوە، بەمەبەستی دانانی چوارچێوەیەكی یاسایی پتەو بۆ چەسپاندنی یاساو سزادانی تاوانباران.
یانزدەیەم: ڕێكخستنەوەی شوێن‌ و دامەزراوە گەشتیارییەكان و شوێنه‌ گشتییه‌كان بەپێی ڕێنماییەكانی پێشووی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی.
دوانزدەیەم: تیمی فریاكەوتنی هاوبەش بۆ شوێنە گەشتیاریی و گشتییه‌كان پێكدەهێنرێن.
سیانزەیەم: هەموو ئەم بڕیارو ڕێنماییانە بەبێ‌ جیاوازیی و گوێدانە پلەو پایەو پۆستی كەسە سەرپێچیكەرەكان، جێبەجێدەكرێن.
چوارده‌یه‌م: پارێزگاری سلێمانی، پشتیوانیی و هاوكاریی پێویست پێشكەش بە هەموو فەرمانگەو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات بۆ باشتر بەڕێوەچوونی كارەكانیان‌.



PM:11:37:01/07/2018