بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی گەشتەکان لەگەڵ تورکیا ئاشکرادەکات

بەرێوەبەری فرۆكەخانەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت راپۆرتی هەندێك دەزگا كە بڵاودەكرێتەوە كاریگەری هەیە لەسەر نەكردنەوەی فرۆكەخانەی سلێمانی بۆ توركیا.

تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی، ڕایگەیاند بۆ چارەسەری كێشەی فرۆكەخانەی سلێمانی لەگەڵ توركیا "لەگەڵ كونسڵی توركیا كۆبومەتەوە، بەڵام هەڵبەت وەك دەزانرێت كونسڵی توركیا نوێنەری ئەو وڵاتەیە لەناوچەكە بارودۆخ وێنەی ئەم ناوچەیە دەگوازێتەوە بۆ حكومەتی توركیا هەندێك ڕاپۆرتی نادروست لەسەر ئەم ناوچەیە هەیە ئەویش دەیگوازێتەوە بۆ حكومەتی توركیا".

ناوبراو لە دیدارێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا وتی بە توركیام وتووە "هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە پێویستیان بەخزمەتگوزاری هەیە، ئەگەر هەر گروپێكی سیاسی لەم ناوچەیە هەبێت حكومەتی توركیا ناتوانێت بەگەمارۆخستنە سەر هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات چەندین هاوڵاتی و كۆمپانیای توركیا هەن كەلەم دەڤەرە كاردەكەن داخستنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی كاری لەوانیش كردووە بەڵام بەداخەوە كونسڵی توركیا تەنها گەیەنەری ئەو ڕاپۆرتانەیە و بڕیارەكەش لەحكومەتی توركیاوە دەردەچێت".

لە ماوەی رابردوودا هەندێك كەناڵی كوردی چەندین راپۆرت و بەدواداچونیان بۆ بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و ژمارەی هێزەكانیان و سنوری جوگرافیان كردووە و بەجۆرێك لەو راپۆرتانەدا سلێمانی وەك شوێنێكی ئازاد بۆ پەكەكە نیشاندراوە.

ئەو دەزگایانەی ئەم جۆرە راپۆرتانە دەكەن بە نزیك بونیان لە توركیا و حزبێكی سیاسی هەریمەوە ناسراون، بە كارانەی كە كردویانە كاریگەریان لەسەر حكومەتی توركیاش كردووە بۆیە بەرێوەبەری فرۆكەخانە باسی ئەو راپۆرتانەدەكات بەڵام بەشێوەی ناراستەوخۆ.

لەو باریەوە تاهیر عەبدولا وتی "حكومەتی توركیا لەسەر چەندین ئاست ئەو بابەتانە وەردەگرێت و كاردانەوەی هەیە لەسوریا و ناوچەكە هەڵبەت هەندێك لایەن هەیە لەم دەڤەرە ڕەنگە هەندێك ڕاپۆرت لەسەر هەندێك گروپی سیاسی بڵاوبكاتەوە كە كاریگەری هەیە لەسەر ئەم ناوچەیە".

ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو بەرێوەبەری دەزگایەكی خزمەتگوزاریە نەك سیاسی بەڵام وتیشی ئێمە وای نابینین كە گروپێك لە سنوری سلێمانیدا هەبێت و زیانی هەبێت راشیگەیاند "لەم دەڤەرە هاوڵاتیان و حكومەتی خۆجێی و هەموو لایەك كار بۆ ئەوە دەكەن بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت توركیا بپارێزن".



AM:11:16:02/07/2018