هەپەگە کوژرانی چوار سەربازی سوپای تورکیای بڵاوکردەوە

 هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، راگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکیی گەریلاکانی لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوکردەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە)لە راگەیەندراویکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەچوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕیی شەهید پیرۆز و شەهید ئاگرییدا، ڕۆژی ٣٠ی حوزەیران کاتژمێر ٠٣:٠٠ی دوانیوەڕۆ، لەدژی سەربازانی تورکیا لە گردی لەیلەکی شەمزینانی جولەمێرگ، چالاکییەک ئەنجامدرا، گورزی تووند لە سەنگەرەکانی سوپای تورکیا درا و سەربازێک کوژرا.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەچوارچێوەی هەمان هەنگاوی شۆڕشگێڕیدا، هێزەکانی یەژاستار ئێوارەی هەمان ڕۆژ چالاکییەکیان لەدژی سەربازانی تورکیا لە گردی هارونای شەمزینان ئەنجامدا، لەو چالاکییەشدا سەربازێک کوژرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا، هاتووە. لەچوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕی شەهید دەلال ئامەد و شەهیدانی بەستا-دا، ڕۆژی ٢٩ی حوزەیران کاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەکی شەو، لە نزیک گوندی دەیوان-ی شارۆچکەی کەربۆران-ی مێردین، چالاکییەک لەدژی سوپای تورکیا ئەنجامدرا، گورزی توند لە سەنگەرەکانی سوپای تورکیا درا و ٢ سەربازیش کوژران.

ئەوەش هاتووە،  ‌هێزێکی کۆنتراگەریلای تورک لەنزیک گوندی کۆلە لە ناوچەی خاچاڕەشی سەر بە شارۆچکەی مۆتکێ-ی بەدلیس لەکاتێکدایە سەرقاڵی داربڕین بوون، ڕۆژی ١ی تەمووز بوونە ئامانجی چالاکی گەریلاکانیان، لەو چالاکییەدا گورزی توند لە کۆنتراگەریلاکان درا، بەڵام تا ئێستا ژمارەی کوژراو و بریندارەکان نەزانراوە.


PM:09:25:02/07/2018