ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان دەستی پێکرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ  ژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عیراق دەستپێكرد.

كاتژمێر 8ی بەیانی ئەمڕۆ 3ی تەمموزی 2018، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق لەڕێگەی چەند دادوەرێكەوە كە پێشتر بەبڕیاری پەرلەمان لەكارخران، سەرلەنوێ  ژماردنەوەو جیاكردنەوەو ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەڕێگەی دەستەوە دەستی پێكرد.

میدیا عیراقیەكان بڵاویانکردەوە ئەو هەنگاوە  پێناچێت گۆڕانكاری گەورە لەئەنجامەكانی  پێشتردا بكات كە لەلایەن كۆمسیۆنی  باڵای هەڵبژاردنەكانەوە ڕاگەیەندرابوو.

هاوكات یەكێك لەو دادوەرانەی كە ئەركی ژماردنەوەو جیاكردنەوەی دەنگەكانی لەبەغدا لەئەستۆدایە بەماڵپەری عەرەبیە جەدیدی ڕاگەیاندوە، پرۆسەی ژماردنەوەو جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست، حەوت پارێزگا دەگرێتەوەو نزیكەی 400 وێستگەش سكاڵایان لەسەرە.

هەر بەگوێرەی پێشبینی ئەو دادوەرە ئەو پرۆسەیە ماوەی 7 بۆ 10 ڕۆژی دەوێت و ڕاگەیاندنی ئەنجامەكەشی دەكەوێتە كۆتایی ئەم مانگەوە.

دادوەرەكە ئەوەشی ئاشكراكردوە، ئەو هەنگاوەی بۆ دەنگەكان گیراوەتەبەر پارێزگاكانی (ئەنبار, كەركوك, سلێمانی, نەینەوا, هەولێر, دهۆك و سەڵاحەدین) دەگرێتەوە.



AM:09:41:03/07/2018