لە کەرکوک جیاکردنەوەی دەنگدان فەرمانبەرانی نوێی کۆمسیۆن ئەنجامی دەدەن

لە کەرکوک جیاکردنەوەی دەنگەکان لە کاتژمێر ٩ ی بەیانییەوە دەستی پێکرد، کۆمسیۆنی نوێ رێگای نەدا فەرمانبەرانی کۆمسیۆنی کۆن دەنگەکان بەدەستی جیا بکاتەوە، بەڵکو ئەو فەرمانبەرانە دەنگەکان جیا دەکەنەوە کە کۆمسیۆنی نوێ دەستنیشانیکردوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کەرکوکەوە بە سپی راگەیاند، " جیاکردنەوەی دەنگەکان لە رێگای دەستیەوە دەستی پێکرد، بەلآم ئەو فەرمانبەرانە ئەنجامی دەدەن کە کۆمسیۆنی نوێی بالآ دەستنیشانی کردوون، هەرچی فەرمانبەرانی پێشووی کۆمسیۆنە لە نووسینگەکانی خۆیان دانیشتوون بەشداری ئەو کارە ناکەن".

چەند رۆژێک لە مەوبەر کۆمسیۆنی بالآی هەڵبژاردنەکان ٣٣ فەرمانبەری لە بەغداوە دانا بۆ جیاکردنەوەی دەنگەکانی پارێزگای کەرکوک لە رێگای دەستیەوە.

لە کەرکوک نزیکەی ٤٠٠ سندوقی دەنگدان تانەی لەسەرەو کۆمسیۆنی نوێش تەنها ئەو ٤٠٠ سندوقە بەدەستی جیا دەکاتەوە کە دەنگەکانی نزیکە لە ١٦ دەنگەوە.

لایەنە عەرەب و تورکمان و هێزە ئۆپزسیۆنەکانی کوردستان رەخنەو سکالآیان لەسەر کۆی پرۆسەی دەنگدانی ئەو پارێزگایە هەیە و بە ساختەکاری یەکێتی نیشتمانی تۆمەتبار دەکەن کە خاوەنی شەش کورسی هەڵبژاردنەکەی ١٢ ی ئایاری ئەمساڵە.



AM:11:00:03/07/2018