سپی نهێنی ئەو بەیانە " نەرمەی " هاوپەیمانی لەسەر کەرکوک بڵاودەکاتەوە

رۆژی ٢ ی تەموز هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری بەیاننامەیەکی نەرمی لەسەر هەژمارکردنەوەی دەنگەکانی پارێزگای کەرکوک بڵاوکردەوە، سپی نهێنی پشت ئەو بەیاننامەیە بڵاودەکاتەوە.

لەو راگەیاندنەدا کە هاوپەیمانی بڵاویکردەوە تیایدا هاتووە " سەرباری ڕەخنە و نیگەرانییەکانمان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە ۱۲/٥،  هاوپەیمانی و لیستی نیشتمان بە ڕەچاوکردنی بارو دۆخ و تایبەتمەندێتی نەتەوایەتی کەرکوک هیچ تانەیەکی بە هەڵبژاردنی کەرکوک پێشکەش نەکرد، بەڵکو  تانە و سکاڵاکانمان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێم و عێراق داوە"، سپی زانیوویەتی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی دادوەری هەوڵیداوە بڕوا بە لایەنەکانی نێوان قەوارەی نشتمان ( گۆڕان و کۆمەڵ ) بکات هەمان هەڵوێستیان هەبێت و، ئەو بەیاننامەیە بکرێت بە بەیاننامەی لسیتی نیشتمان لە کەرکوک، بەڵام دوو لایەنەکەی تر نەچوونەتە ژێر باری ئەو بەیاننامەیەوە.

لە کۆتاییدا دوای ئەوەی ئەو دوولایەنە ناچنە ژێرباری ئەو بەیانەوە، هاوپەیمانی بۆ دیموکراتی و دادوەری بەیاننامەی خۆی رۆژی ٢ یە تەموز، پێش رۆژێک لە جیاکردنەوەی دەنگدانی پارێزگای کەرکوک لە رێگای دەستیەوە راگەیاند.

لسیتی نیشتمان هاوپەیمانی هەر سێ لایەنی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری بوو لە ناوچە جێناکۆکەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و خاوەنی لسیتێکی هاوبەشبوون و هەڵمەتی هاوبەشیان بۆ هەڵبژاردنیان ئەنجام دەدا. 

ده‌قی راگەیەندراوی هاوپەیمانی
سەبارەت بە پرۆسەی هەژمارکردنەوەی دەنگەکان لە پارێزگای کەرکوک

بەپێی راگەیەنراوی ئەنجومەنی کۆمسیاران (دەستەی دادوەران) بڕیارە لە رۆژی سێشەممە 3/7/2018 ەوە پرۆسەی هەژمارکردنەوە و جیاکردنەوەی رێژەیی بۆ سندووقەکانی دەنگدان بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عیراق لە کەرکوکەوە دەستپێبکات و لەماوەی 3 رۆژدا کۆتایی پێبهێنرێت و بریکاری قەوارە سیاسییەکانیش ئەتوانن وەک چاودێر ئامادەبن.
ئێمە وەک هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری هەڵوێستی فەرمی خۆمان لەوبارەیەوە بەم شێوەیەی لای خوارەوە رادەگەیەنین:
سەرباری ڕەخنە و نیگەرانییەکانمان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە ۱۲/٥،  هاوپەیمانی و لیستی نیشتمان بە ڕەچاوکردنی بار و دۆخ و تایبەتمەندێتی نەتەوایەتی کەرکوک هیچ تانەیەکی بە هەڵبژاردنی کەرکوک پێشکەش نەکرد، بەڵکو  تانە و سکاڵاکانمان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێم و عێراق داوە، و هەروەها لە تەواوی ناکۆکی و مشتومڕی نێوان پەرلەمان و کۆمسیۆن و دادگای فیدڕاڵیدا ئێمە سووربووین لەسەر شێوازێکی چارەسەر کە زامنی بێگەردی و نەزاهەتی هەڵبژاردن و شەرعییەتی پرۆسەکە و گەڕاندنەوەی دەنگەکان بێت بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان.

ئەمرۆش دوای سڕکردنی کارەکانی ئەنجومەنی باڵای کۆمسیاران و دەستبەکاربوونی ئەنجومەنی نوێی دادوەران بەپشتبەستن بە ڕاگەیەنراوی 24/6/2018 کە لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە بڵاوکراوەتەوە، بۆ هەموو لایەکی رادەگەیەنین کە ئێمە هەر لەسەرەتاوە سەرباری ئەو پێشێلکارییانەی کە لەپرۆسەکەدا روویاندا، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی کەرکوک و هەستیاری بارودۆخەکە و بەتەنگەوەهاتنی پرسە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان بەباشمان نەزانی سکاڵا لەسەر سندووقەکانی دەنگدان تۆماربکەین و تانەمان لە کۆی پرۆسەکە و بڕیارەکانی ئەنجومەنی کۆمسیاران (دەستەی دادوەران) داوە. 
 
بۆیە پەیوەندیمان بەو پرۆسەی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانەوە نیە کە بڕیارە لە کەرکوک دەستپێبکات و نوێنەری خۆمان وەک بریکار و چاودێر رەوانەی پرۆسەکە ناکەین.  
هەڵوێستی کۆتاییشمان پاش راگەیاندنی دوایین ئەنجامەکانی پرۆسەی هەژمارکردنەوە و جیاکردنەوەی رێژەیی دەنگەکان و موسادەقەی دادگای فیدڕاڵ لە چوارچێوەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانیی و نەتەوەیی و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتیان و پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی عیراق دەبێت.  

هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری 
کەرکوک
2/7/2018



PM:11:00:03/07/2018