ئاگربەست لە باشووری سوریا ڕاگەیەندرا

ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕایگەیاند، لەگەڵ لایەنی ڕوسیدا ئاگربەستیان لە باشوری سوریا ڕاگەیاندووە و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش چەکەکانیان دادەنێن.

ئیبراهیم جەباوی، وتەبێژی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕایگەیاند، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بە چەند قۆناغێک چەکەکانیان دادەنێن و هێزی پۆلیسی سەربازی ڕوسیش لە نزیک سنوری ئوردن بڵاودەکرێنەوە.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوریا شارۆچکەی نەسیب و تەفس و نەعیمەی لە باشوری سوریا بۆردومانکردووە و ١٠ بۆمبی بەرمیلی لە شاری دەرعا خستووەتەخوارەوە.

فەرماندەیەکی سوپای سوریاش کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت بە ڕۆیتەرزی وتووە، هێزەکانی سوپا لە سنوری ئوردن نزیکبوونەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ ئیسرائیل هۆشداری دەداتە سوریا و روسیا و ڕایگەیاند، ئەگەر هێزەکانیان لەنزیک جۆلان کە لەسەر سنوری ئیسرائیلە بڵاوبکەنەوە ئەوا هێرش دەکەنە سەر سوپای سوریا.



PM:04:07:06/07/2018