پارتی" حکومەتی هەرێم ئامادەیە قەرزی مووچەخۆرانی هەرێم بداتەوە"

ئامینە زکری پەرلەمانتاری دیاری پارتی سەبارەت بەپاشەکەوتی موچەو دانەوەی قەرزەکان، دەڵێت "حکومەتی ھەرێم ئامادەیی دەربڕیوە ئەگەر پرۆژەیاساکە وەک خۆی پەسەندبکرێت دەتوانێت کێشەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران چارەسەر بکات، لاریشی نەبووە بڕی قەرزەکانی موچەخۆران بخرێتە ژمارە حسابییەک و قەرزی خزمەتگوزارییەکانیشی پێبدرێتەوەو پێیان خۆشبووە".

حکومەتی "ھەرێم" ئامادەیی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی بەو جۆرەی پێشتر پەسەندکراوە دەردەبڕێت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش، خاڵە ناکۆکەکانی پرۆژەیاساکە ئاشکرادەکات.

ئامینە زکری، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: ئەوەی پێشتر پەسەندکرا، ھەمان ئەو پرۆژە چاکسازییە بوو، کە حکومەت ڕەوانەی پەرلەمانی کرد، بەڵام ئەوەی ئێستا دەکرێت، نەک حکومەت ناتوانێت جێبەجێی بکات، بەڵکو لەسەریشی قەرزار دەبێت.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی روونیشیکردەوە، کێشەی سەرەکی حکومەت و پەرلەمان لەسەر پرۆژەیاساکە، بۆ کێشەی دەرماڵەو خانەنشینی مەدەنی دەگەڕێتەوە، دەشڵێت: " لەبەغدا ٨ جۆر دەرماڵە ھەیە، بەڵام لەھەرێم زیاتر لە ١٥ جۆر دەرماڵە ھەیەو دەبێت ھاوسەنگی دروستبکرێت و ڕێکبخرێتەوە.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پێشتر خانەنشینی مەدەنی کەمترین موچەی ١٢٠ ھەزار دیناربوو، ئێمە کردمانە ٣٠٠ ھەزار، بەڵام ئێستا دەیانەوێ بکرێتە ٤٠٠ ھەزار، وەزارەتی داراییش بەڕاشکاوی ئەوەیخستۆتەڕوو کە حکومەت لەتوانایدا نییە ئەو بڕە پارەیە زیاد بکات".

جەختیشدەکاتەوە، ھەر شتێک پەیوەست بێت بەزیادکردنی موچەو بودجە، دەبێت حکومەت ئامادەیی ھەبێت، وتیشی:" دەبێت پەرلەمان و حکومەت پێکەوە دابنیشین و چارەسەری ھاوسەنگ بدۆزنەوە، نەک لەڕێگەی ڕاگەیاندنەوە قسە لەگەڵ یەکتر بکەن، ھەردوولاش ئامادەییان بۆ کۆبونەوەیەکی لەوجۆرە دەربڕیوە".



PM:02:34:07/07/2018