یەکەم حاڵەت بە گومانی نەخۆشی "تای خوێنبەربوون" لە سلێمانی تۆمارکرا

یەکەم حاڵەت بە گومانی نەخۆشی "تای خوێنبەربوون"، لە سلێمانی تۆمارکرا کە ئافرەتێکە.

بەپێی زانیارییەکانی "سپی" چوار رۆژ لەمەوبەر ئافرەتێک بە ناوی(ن. ع)کە خەڵکی شارۆچکەی حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکوکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە شێرپەنجە لە شاری سلێمانی و گومانی ئەوەی لێکراوە کە نەخۆشی شێرپەنجەی هەبێت، بەڵام دواتر لەو نەخۆشخانەیە گوێزراوەتە بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش.

سپی زانیویەتی ماوەی سێ ڕۆژ ئەو نەخۆشە لە ژێر چاودێری چری پزیشکیدا بووە و بە پێی ئەو زانیاریانە شەوی ڕابردوو (شەممە) کۆچی دوایی کردووە.

ئەو ئافرەتە تەمەنی ٤٣ ساڵە و سەرەتا ئێشگرێکی خزمی خۆی لەگەڵدا بووە بەڵام دواتر بەتەنها جێی هێشتووە و لە ئێستادا ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدابێت، هەر بەو هۆیەشەوە تەندروستی کەرکوک لە ڕێگەی ئەمبوڵانسێکی ئەمڕۆ تەرمەکەیان گەڕاندووەتەوە کەرکوک.

نەخۆشخانەی شۆڕش پشکنینی خوێنی کە ئەم ئافرەتە گومانی تای خوێنبەربوونی لێ دەکەن ناردویەتی بۆ بەغدا و ئەنجامەکەی لەنێوان ١٢ بۆ ١٨ ڕۆژدا ئاشکرا دەبێت، چونکە پشکنینی ئەو نەخۆشییە لە هەرێمی کوردستان ناکرێت.

سپی بۆ وەرگرتنی بۆچوونی تەندروستی سلێمانی چەند جارێک پەیوەندی بە سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانییەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی سپی نەدایەوە.

لە هەفتەی ڕابردووشدا بۆ یەکەمجار حاڵەتێکی تای خوێنەبەربوون لە پارێزگای هەولێر و بە دیاریکراوی لە ناوچەی سۆران تۆمارکرا و ئەمەی سلێمانی دەبێت بە دووهەم حاڵەتی ئەو نەخۆشییە.


PM:02:18:08/07/2018