سەنتەری میترۆ: کۆمسیۆن پابەندی بەڵێنەکانی نەبوو

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت، دانانی بەربەست بۆ كاری میدیای لە پرۆسەی هەژماری دەستی دەنگەكان، پێچەوانەی یاساو بەڵێنەكانەو ئەوەندەی تر گومان دەخاتە سەر ئەنجامەكەی.

لە راگەیەندراوێکدا سەنتەری میترۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لە سەرەتای دەستپێكردنی پرۆسەی هەژماری دەستی دەنگەكاندا ئەنجومەنی كۆمسیاران لەسەر زاری وتەبێژەكەی رایگەیاند" دەرگایان بۆ نوێنەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان، كونسڵخانە، پارتە سیاسییەكان، میدیاكان كراوەیە"، بەڵام بڕیارەكەی كۆمسیاران لە لایەن دادوەرانەوە بە شێوەیەك دەسكاری كراوە و تەنها كەناڵی ئەلعێراقییە بۆی هەیە روماڵ بكات و ئەوانی تر بۆیان نییە كەرەسەی رۆژنامەنوسی ببنە ناو ناوەندەكەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە بەیانی ئەمڕۆ نوێنەری سەنتەری میترۆ سەردانی ناوەندی هەژماركردنی دەنگەكانی لە شاری سلێمانی كرد، داوای لە ئەندامی ئەنجومەنی كۆسیاران و ئەو دادوەری سەرپەرشتیاری پرۆسەكە كرد رێگە بدەن نوێنەرانی دەزگاكانی میدیای روماڵی پرۆسەكە بكەن، بەڵام ئەوان رازی نەبوون و تەنها رێگە دەدەن " میدیاكار بە بێ قەڵم و كامێراوە لە ناوەندەكە ئامادە بێت" هەروەها بڕیاریان داوە " تەنها كەناڵی رەسمی دەوڵەت ئەلعیراقیە بۆی هەیە كامێرا بباتە ناو هۆڵەكە". 

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان ئەوەش دەخاتەڕوو، کە دانانی بەربەست بۆ كاری میدیای لە پرۆسەی هەژماری دەستی دەنگەكان، پێچەوانەی یاساو بەڵێنەكانەو ئەوەندەی تر گومان دەخاتە سەر ئەنجامەكەی.

لە راگەیەندراوەکەدا میترۆ دەڵێت، بۆ زامنكردنی شەفافییەت و رەوینەوەی هەندێ لەو گومانانە، رێگە بدرێت میدیاكاران بە شێوەیەكی ئاسایی روماڵی پرۆسەی هەژماری دەستی دەنگەكان بكەن و ئاسانكاری تەواو بكرێت بۆ چادێریكردن، چاودێریكردنی رووكەشانەی پرۆسەكە خزمەت بە شەفافییەت ناكات.



AM:11:49:09/07/2018