سلێمانی...ئامادەكاری بۆ ڕووبەڕووبونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون دەكرێت

قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، لە پێناو روبەڕوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون، فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵ لەسەر شەقام و رێگە سەرەكییەكان قەدەغەدەكرێت سەرپێچیكارانیش رووبەڕووی سزای توندی دەكرێنەوە.

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "تائێستا هیچ حاڵەتێكی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی تۆمار نەكراوە، بەڵام ئامادەكاری پێشوەخت و پێویست دەكەین بۆ رێگری كردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكە".

 ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد یەكێك لە هەنگاوەكان قەدەغەكردنی گۆشتی سەرشەقامەكان دەبێت كە هیچ مەرجێكی تەندروستی تێدا نیە و بە یەكێك لە هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی پەتاكە دادەنرێت.

قائیمقامی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەهاوبەشەكان و تیمەكانی پۆلیسی و هێزە ئەمنیەكانی تر بەبەردەوامی لەئەركدا دەبن بۆ رێگری كردن لەو كەسانەی كە ئاژەڵ لەسەر شەقام و رێگە سەرەكییەكان سەردەبڕن و گۆشتەكەی دەفرۆشن.

باسی لەوەشكرد، ئامادەكاری پێویست كراوە و هەموو رێوشوێنێكی پێویست گیراوەتە بەر،  لە زۆربەی شوێنەكان بەتایبەت ئەو ناوچانەی كە ئاژەڵی تێدا بەخێو دەكرێت تیمەكانی خۆپاراستنی تەندروستی دەرمانی تایبەت بە لەناوبردنی مێرووە زیان بەخشەكان دەڕژن و بەهەموو رێگەیەك رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكە دەكرێت



PM:12:29:09/07/2018