نەوەی نوێ: لە کەرکوک دووەمین

لێپرسراوی سەرچاوە مرۆییەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند، بە پێی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان نەوەی نوێ هێزی دووەمە لە شاری کەرکوک.

لە بەیاننامەیەکدا سەرکەوت شەمسەدین، بەرپرسی سەرچاوە مرۆییەکانی نەوەی نوێ  ئاماژەی بەوەشکرد، بە پێی ئەنجامی بژاردنەوەی دەستی دەنگەکان لە شاری کەرکوک نەوەی نوێ  یەک لەسەر سێی دەنگەکانی ئێستای یەکێتی لە کەرکوک هێناوە، کە دەکاتە دوو کورسی پەرلەمانی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد لەو پرۆسەی تەزویرەدا دیارە یەکێتی دەنگێکی زۆری تەزویر کردووە لە لایەنە کوردییەکان بە تایبەت لە نەوەی نوێ، لێرەشەوە دەردەکەوێت کە دەنگی تورکمان و عەرەبەکان تەزویر نەکراوە.

ڕاشیگەیاند، ئەوان سوپاسی خەڵکی کەرکوک دەکەن لەسەر ئەو دەنگانەی کە داویانە  بە نەوەی نوێ، کە متمانەیان بەو هێزە نوێیە بەخشی کە ماوەیەکی کەمە دامەزراوە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئەنجامانە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە ئاراستەی نەوەی نوێ دەکرا، ڕوونیشکردەوە کە دوێنێ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەکردبوو کە ئەم پرۆسەیەی ژماردنەوەی دەنگەکان شکڵییە و هیچ بەهایەکی یاسایی نییە و پێشوەختە لایەنەکان لە ناو خۆیاندا ڕێککەوتوون و ئەنجامەکان ناگۆڕێت.

هەر لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسیەدا ئارام سەعید ئەندامی ئەنجومەنی باڵاى جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی ئەو دەنگانەی لە چەند وێستگەیەکی شاری کەرکوک بە دەستی جیاکراونەتەوە، دەنگەکانی نەوەی نوێ سێ هێندە و چوار هێندەی بژاردنی دەنگی ئەلکترۆنی زیادیکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر دەنگی سەرجەم سندوقەکانی دەنگدان لە شاری کەرکوک بژمێردرێتەوە دەردەکەوێت کە دەنگەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تەزویرێکی زۆری تیاکراوە و سێ هێندە و چوار هێندە کەمتر کراوەتەوە لەوەی کە بەشێوەیەی ئەلکترۆنی بڵاوکرابۆوە.

ئەوە لە کاتێکدایە دوای چوار ڕۆژ لە ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان بۆ ئەو سندوقانەی کە سکاڵایان لەسەر بوو، دواجار پرۆسەکە لە کەرکوک کۆتایهات.



PM:06:25:09/07/2018