عەدنان ئۆكتار ئەو پیاوەی ئاینیەی ئافرەتان لەدەوری سەمایان دەکرد، دەستگیرکرا


لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دا كە لە پێنج پارێزگا ئەنجامیان دا، لەنێو گیراوەکاندا عەدنان ئۆكتار دەستگیركرا.

ئاژانسی ئانادۆڵی تورکیا بڵاویکردەوە کە ئۆكتار كە وەك بانگخوازی ئیسلامی خۆی پێناسە دەكات، لە زنجیرە بەرنامەیەكدا دەردەكەوێت بۆ شیكردنەوەی شەریعەت و بەهاكانی لێبووردەیی ئیسلام بەشێوەی جیاواز، بەڵام لە پێش سەماكەران و هونەرمەنداندا دەردەكەوێت كە جلوبەرگی نیمچەڕووتیان لەبەردایە لەگەڵ بەرداخی مەی كە زۆرینەی زانایانی ئیسلام ئەمانە رەت دەكەنەوە.

عەدنان ئۆكتار پێیوایە، روناكبیری سەردەمیانەی ئیسلامییە و پێشكەشكاری بەرنامەیەك بوو لە كەناڵی A9 TV لە ئیستەنبوڵ و سەرباری ئەوەی دەڵێت بەرنامەكەی ئاینییە، بەڵام ناڕەزایەتی زۆری دروستكردووە لە نێوەرۆكەكەیدا.

نزیكەی 261 سكاڵا داوای داخستنی كەناڵەكە و سەرجەم دەزگاكانی پەخش و بڵاوكردنەوەی ئەم بەرنامەیە دەكرد، كە 151 هاووڵاتی سكاڵایان كردووە كە سوكایەتی بە بەرنامەی ئاین و رەگەز و مەزهەب دەكات.

ئاژانسەكە بڵاویشكردوەتەوە،ئۆپەراسیۆنە هاوكاتەكان بە مەبەستی دەستگیركردنی 235 گومانلێكراو لە پێنج پارێزگا كە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەكان لە ئیستانبوڵە و عەدنان ئۆكتار یەكێكە لە گومانلێكراوەكان، درێژەیان هەیە.

بە گوێرەی میدیاكانی توركیاش، تۆمەتەكان بریتین لە بەكارهێنانی بیروباوەڕی ئایینیی بۆ فرت و فێڵكردن لە خەڵك، پێشێلكردنی ژیانی تایبەتی، ساختەكاری، پێشێلكردنی یاساكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و قاچاخچێتی.




PM:01:18:11/07/2018