لە ناوچەیەکی سەربە پارێزگای هەولێر، ژنێكی تەمەن 51 ساڵ كە خاوەن حەوت منداڵە و كچێك و دوو كوڕی هاوسەرگیرییان كردووە و خاوەن منداڵن، واز لە هاوسەر و منداڵەكانی دێنێت و دەكەوێتە داوی خۆشەویستی پیاوێكی تر و لە نیوەشەوێكدا ماڵەوە بەجێ دێڵێت.
رۆژنامەی وشە لە ڕاپۆرتێکیدا باس لە چیرۆکی ئەو ژنە دەکات کە لە دوو مانگە ماڵ و منداڵەكانی جێ هێشتووەژنەكە لەگەڵ خۆشەویستەكەی ڕای كردووە، بەڵام دوای سێ هەفتە خۆشەویستەكەی جێی هێشتووە و ئێستە لەگەڵ پیاوێكی تر دەژیی لە دەرەوەی كوردستان.
"هەیڤ" کە ناوی کچە گەورەکەی ئەو ژنەیە دەڵێت لە هەموویان زیاتر ئازاری ئەو رەفتارەی دایكی دەچێژێت و باجەكەی دەدات. ئەم كە خۆی خێزاندارە و خاوەنی منداڵێكە، نایشارێتەوە كە لەبەر دایكی تووشی توانجی زۆری خزم و كەسی خۆی و هاوسەرەكەی بووەتەوە. بەگوتەی خۆی "كاریگەری كردووەتە سەرم و تەنانەت ناخۆشی كەوتووەتە نێوان خۆم و هاوسەرم".
ئەو دەڵێت كە هەر ئەم قوربانی دڵدارییەكەی دایكی نییە، بەڵكو هەریەك لە خوشك و براكانم بەشێوەیەك بەرەو ڕووی توانجی خزم و كەس و هاوڕێ و كۆمەڵگە بەگشتی بوونەتەوە. بەڵام وەك بە هەناسەیەكی قووڵەوە بە وشەی وتووە"پشكی گەورەی ئەم ئازارە من و باوكمی وێران كردووە".
هەیڤ پێش ڕۆیشتنی دایكی هەستی بەوە كردووە كە هەڵسوكەوتی بە تەواوی گۆڕاوە و پێشبینی ڕوودانی شتێكی كردووە، بەڵام وەك خۆی ئاماژەی پێ دەكات "قەت لەو باوەڕەدا نەبووم دایكم بتوانێت ماڵ جێ بێڵێ، چونكە لەگەڵ باوكم هیچ كێشەیەكی ئەوتۆیان نەبوو بگات بەو حاڵەتە، تەنانەت هەموو شتێك لە ماڵی ئێمە بەدەست دایكم بوو".
ئەو چیرۆکی مانگێک بەر لە جێهێشتنی دایکی دەگێڕێتەوە و دەڵێ "مانگێك پێش ڕووداوەكە دایكم بە هەموو شتێك تووڕە دەبوو و هاواری دەكرد و بانگەشەی ئەوەی دەكرد ئەگەر بێزار بێ دەچێتە ناو پەكەكە، كار گەیشتە ئەوەی باوكم ماڵی بۆ جێ دەهێشت تا كێشەكە گەورەتر نەبێت، بەڵام دەركەوت بابەتەكە لەوە گەورەتربوو كە ئێمە چاوەڕوانمان دەكرد".
كۆتا قسەی هەیڤ كە بە گریانێكی بە كوڵەوە دەریبڕی ئەوەبوو كە "بێگومانم باوكیشم مەلایكەت نەبوو، ئێمەش زۆر بێتاوان نەبووین، بەڵام نە منداڵەكان نە باوكم كارێكی وەهامان نەكردبوو دایكمان بۆ هەمیشە بمانخاتە گێژاوێكەوە كە نەتوانین سەر بەرز بكەینەوە، لەناو هەموو خزمەكانمان دایكم بە بەختترین ژن دادەنرا، بەڵام كۆتاییەكی زۆر خراپی خوڵقاند و ماڵی هەموومانی كاول كرد و پەڵەیەكی خستە مێژووی خێزانەكەمان كە بەهیچ پاك نابێتەوە"