یەکێتی : ئەو هەڵەیەی ئێمە كردمان لە ٣٠ی حوزەیران گۆڕان دووبارەی كردەوە

دوای ئەوەی لەدانیشتنی دوێنییدا پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیاسای هەڵپەساردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی پەسەند كرد كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە و ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت، ئەو هەڵەیەی ئێمە لە ٣٠ ی حوزەیران كردمان گۆڕان دووبارەی كردەوە.

رێواس فایەق، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە خەندانی راگەیاندوە" ئەوان تەنها سێ پەرلەمانتاریان بەشداری كۆبوونەوەكەی كردووە بۆ پەسەندكردنی پرۆژە یاساكە، چونكە ئەو پرۆژە یاسایە هەمان ئەو یاسایەیە كە ئەوان لە ٣٠ی حوزەیراندا پێشكەشیان كردووە بۆ درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی بۆ خولی چوارەم."

راشیگەیاندوە" ئەوكات ئەوان ئەو بڕیارەیاندا پێیان وابوو كە لە خولی چوارەمدا دەتوانن ئەو یاسایە دەربكەن كە سەرۆكایەتی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت نەك لە ناو خەڵكدا، بەڵام نەیانتوانی، ئێستاش گۆڕان بەم پرۆژەیە یاسایە ڕەنگە تووشی هەمان هەڵە ببێت كە ئەوان لە خولی چوارەمدا تووشی بوون و نەتوانن لە خولی پێنجەمدا بڕیار لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بدەن".

ئاماژەی بەوەشداوە" گۆڕان بە ئێمەی دەوت ئەوان كێشەیان لە خوولی سێیەمەوە ناردووە بۆ خوولی چوارەم، بەڵام خۆیان هەمان شتیان دووبارە كردەوە ناردنی كێشە لە خولی چوارەمەوە بۆ خولی پێنجەم.

رێواس فایەق راشیگەیاندوە" ئەوان لەو پرۆژەیەدا ئەو كێشەیەیان بە دەستوور سپاردووە، بەڵام دەستووری هەرێمی كوردستان بوونی نییە و" نازانم ئەوان مەبەستیان چ دەستوورێكە".

جێگەی ئاماژەیە دوێنێ چوارشەممە 11ی تەمموز پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیاسای هەڵپەساردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی پەسەند كرد كە پرۆژەیاساكە هی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆران بووو هەریەكەلە فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو و كۆمەڵ و بزوتنەوەی ئیسلامی دەنگیان پێ نەدا.
 



PM:10:50:12/07/2018