عەبادی : دۆخی بەسرە لەژێر کۆنترۆڵدایە

سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لە برۆکسلەوە رایگەیاند" خۆپیشاندانەکانی شاری بەسرە لەژێر کۆنترۆڵدایە، بەڵام دەستی کەسانێکی تێدایە دەیانەوێت بەئاراستەی خراپ بیبەن".

حەیدەر عەبادی لە برۆکسڵ کە بۆ بەشداری کۆبوونەوەی هاوپەیمانی دژی داعش چۆتە ئەو وڵاتە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا وتی " هاوڵاتی بەسرە ئارامی شارەکەی تێکنادات و لەهەموو کەس زیاتر دەیپارێزێت".

وتیشی" خۆپیشاندانەکە دەستی کەسانێکی تیایە دەیەوێت زەرەر بەشارەکەو هێزە ئەمنییەکان بگەیەنێت، حکومەتی سەرقاڵی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانە بۆ پارێزگاکە".

لە ٧ ی تەموزەوە سەرەتا لەشارۆچکەی مەدینە، خۆپیشاندان دەستی پێکردو لە رۆژێک دوای دەستپێکردنی هاوڵاتیەک کوژراو خۆپیشاندانەکان رووی لەگەورەبوون گرت و ئەمڕۆ لە قورنە چوونە نێو کۆمپانیاکانی نەوتەوە تاڵانییەکی زۆر لەناو ئەو کۆمپانیایانە روویدا، هاوکات بۆ گەورەنەبوونی خۆپیشاندانەکان وەزارەتی نەوت ١٠ هەزار هەلی کاری بۆ خەڵکی پارێزگاکە راگەیاند.

شارەکانی موسەنا و میسان و دیوانییە بڕیاریان داوە خۆپیشاندانی گەورە بۆ پشتگریری خەڵکی بەسرە سازبکەن.



PM:11:28:12/07/2018