سەنتەری میترۆ راگرتنی سۆشیال میدیا مەحکوم دەکات

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ ڕاگرتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئیدانە دەکات و داواش دەکات بکرێنەوە.

لە بەیاننامەیەکدا هاتووە، سەنتەری میترۆ دەڵێت "ئیدانەی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق دەکەین بۆ ڕاگرتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێگە گرتن لە ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانی هاوڵاتیان و دەستگیرکردنیان کە هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی تاوانی هێزە عێراقییەکان دژ بە خۆپیشاندەران."

سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەکەدا داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق تاوەکو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکاتەوە و ڕێگە بدات بە گواستنەوەی زانیاری بۆ ڕای گشتی.

ئەمڕۆ خۆپیشاندان لە شاری بەسرە و نەجەف بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستیپێکردووە و خۆپیشاندەرانی شاری بەسرە لەبەردەم بینای پارێزگا کۆبوونەتەوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە غازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کراوەتەسەر و بەوهۆیەشەوە بە دەیان خۆپیشاندەر برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

هاوکات هەر ئەمڕۆ خۆپیشاندان لە پارێزگای زیقار و میسان و چەند ناوچەیەکی تر ئەنجامدراوە و حکومەتی عێراقیش ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕاگرتووە.

بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی و کەمی ئاو و کارەباوە ماوەی چەند ڕۆژێکە خۆپیشاندان لە شارەکانی باشوری عێراق سەریهەڵداوە و لە هەندێک شاریش توندوتیژی دروستبووە و بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک کەس کوژراون و بریندار بوون.

هەر بەو هۆیەشەوە حکومەتی عێراق قەدەغەی هاتوچۆی لە بەسرە ڕاگەیاندووە و نزیکەی ٣٠ هەزار سەربازی لەو شارانەی ناڕەزایەتییان تێدایە بڵاوکردووەتەوە.

f.q


PM:07:01:15/07/2018