ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی

ئەمڕۆ ھەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە ھەولێر لە بارەی پەیوەندییەکانیان و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند پڕۆژەیەکی هاوبەشیان ئامادە کردووە،

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژى یەکێتى لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دوای کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند، لەگەڵ پارتی لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ داڕشتنەوەى نەخشەڕێگای دانوستانەکان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتى نوێ.

وتیشی ئەو بابەتانەى کە لە داهاتوودا لە پڕۆژەکەدا دەبێت بابەتی پێشمەرگە و پێگەکەى دەبێت لە سیستمی بەرگری عێراقدا و هەروەها بابەتى ناوچە جێناکۆکەکان و گەڕانەوەی پێشمەرگە و کێشەى نەوت و غاز و سەرجەم کێشەکانى تر و چۆنییەتی چارەسەرکردنیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان.

پیرە ڕاشیگەیاند، ئێمە پێمان خۆشە سەرجەم لایەنەکان هەرێم بەشداربن لەو پڕۆژەیەی کە یەکێتى و پارتی دایدەڕێژنەوە بۆ دانوستانەکانی هەرێم و بەغدا.

وتەبێژەکەی یەکێتی وتیشی ئەو كۆبوونەوانە هەفتانە دەبێت و سەركردایەتییەكمان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەیەك ئامادە بكەین و بیدەین بە سەركردایەتی حزبەكانمان، بۆیە پێویستە هەرلایەنێك پەسەندی بكات.

هەروەهامەحمود محەمەد وتەبێژى پارتییش ڕایگەیاند، "ئێمە ئامادەین لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم دانیشین و گوێیان لێبگرین و هەوڵبدەین پێکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین".

ڕاشیگەیاند، "ئێمە وەکو کورد دەبێـت ئاگاداربین و قسەمان لەسەر ئەوە هەبێت کە کێ دەبێتە سەرۆک وەزیرانى عێراق و کێ نابێت و ڕێگەنەدەین کورد پەراوێزبخرێت".

وتەبێژەکەی پارتی وتیشی هیوادارین حزبەكانی دیكەش لە پڕۆژە هاوبەشەكەیاندا بەشداری بكەن، وتیشی، "هەوڵیش دەدەین پڕۆژەكەمان گشتگیربێت".



PM:03:18:16/07/2018