سێ بومەلەرزەی بە‌هێز ئەم شارانەی کوردستانی هەژاند

كەشناسی گەرمیان بڵاویكردەوە، كە ئەمڕۆ دوو شەممە سێ‌ بوومەلەرزە لە ناوچەكانی نێوان تازەئاباد و چیای داڵەهۆی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان داوە.

فەرمانگەی كەشناسی گەرمیان ڕایگەیاند كە ئەمڕۆ دوو شەممە 16 / 7 / 2018 بوومەلەرزەی یەكەم لەكاتژمێر 05:19 بەیانی بەگوڕی 3 پلە بەپێوەری ڕێختەر لەقوڵایی 8 كیلۆمەتر و بەدوری 82 لەسەنتەری شاری كەلار ڕوویداوە.

ڕوونیشی کردووەتەوە، بوومەلەرزەی دووەم لەكاتژمێر 08:33 ی بەیانی بەگوڕی 4.2 پلە بەپێوەری ڕێختەر لەقوڵایی 7 كیلۆمەتر و بەدووری 88 كیلۆمەتر لەسەنتەری كەلار ڕوویداوە و لەشارۆچكەی تازەئاباد و چەند گوندێكی دەوروبەری زیانی لەچەند خانویەكی هاووڵاتیان داوە و خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە.

فەرمانگەی كەشناسی گەرمیان ئاشكراشی كردووە، بوومەلەرزەی سێیەم لەكاتژمێر 08:53 بەیانی بەگوڕی 3.5 پلە بەپێوەری ڕێختەر لەقوڵایی 7 كیلۆمەتر و بەدووری 83 كیلۆمەتر لەسەنتەری كەلار ڕوویداوە.



PM:04:45:16/07/2018