سبەینێ یەکەم فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی کەرکوک دەنیشێتەوە

بڕیارە سبەێنێ چوارشەممە ١٨ی تەمووز، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق، فڕۆکەخانەى کەرکوک بکرێتەوەو یەکەم فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکەدا بنیشێتەوە.

راکان جبوری، پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەتا گەشتە هەرێمایەتی و ناوخۆیەکان لە فڕۆکەخانەکەوە دەستپێدەکات و بە شێوەیەک گەشت بۆ وڵاتانى ئێران و تورکیا و لوبنان ئەنجامدەدرێت و پاشان دەست دەکرێت بە گەشتە نێودەوڵەتییەکان بۆ وڵاتانى جیهان.

پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواو بووەو هیچ کێشەیەکی کارگێڕی و لۆجستى لەبەردەم کردنەوەی فڕۆکەخانەکەدا نەماوە.

لە دوو هەفتەی رابردوودا وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رەزامەندی دەربڕی لەبارەی وەگەرخستنی فڕۆخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک بەڕووی گەشتە ناوخۆیی و نیودەوڵەتییەکاندا و لە سبیەنێشەوە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.




AM:09:36:17/07/2018