بەرپرسێکی هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح وازی هێنا

هاوڕێ مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی (سەرکردایەتی) هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دەستلەکارکێشانەوەی لە حزبەکەی ڕاگەیاند .

لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، هاوڕێ مەحمود نوسیویەتی "دەست لەکارکێشانەوەی خۆم لە ڕیزەکانی( هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) ڕائەگەیەنم و ئەوە ئەخەمە ڕوو کەلەنوسینی ئەم دەستلەکارکێشانەوە بەدواوە، دوور و نزیک، بەئاشکراو بەنهێنی، هیچ پەیوەندیەکم بەڕیزەکانی (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) نەماوەو نامێنێت."

لە بارەی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەشەوە نوسیویەتی بەوهۆیەوەو بۆ ڕێزگرتن لەکەسایەتی و پێگەی ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی وسیاسیم و نرخ دانان بۆ (ڕا ) بێ وەڵامەکانم‌ ، هەروەها بەمەبەستی ئەوەش کە کلتوری پەراوێزخستنی خەڵکانی ئەکادیمی لەلایەن بەرپرسە باڵاکانەوە تێبپەڕێنم و پیرەمێرد ئاسا بڵێم: ( سوراحی سەر فروو دێنێ لەبۆ پیاڵە کە تێکا بۆی!)

دەقی دەستلەکارکێشانەوەکەی

بەڕێز / ( د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح ) سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری

بابەت: دەستلەکار کێشانەوە( استقالة)

بەرێز سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری : سڵاوی دیموکراسی و قبوڵکردنی بیروڕای جیاوازتان پێشکەش.

من (هاوڕێ مەحمود رەسوڵ) کە لەسەرەتای دروستبوونی هاوپەیمانیەوە هاوڕێتان بووم و بەپەرۆشەوە وەک هاودیدێکی دڵسۆزی هاوپەیمانی بەوپەڕی بەرپرسیاریتیەوە ئەرکی سەرشانم لەهەردوو دامەزراوەی ( پەیوەندیەکان )و (میدیایی) بەجێهێناوە.

هاوکات تاکو ڕۆژی هەڵبژاردنیش (کارگێری راگەیاندنی دەڤەری سلیمانی) بووم کە سەرپەرشتی کاروباری میدیایی سەرجەم بازنەکانی( ناوشاری سلێمانی و هەروەها بازنەکانی سنوری چەمچەماڵ و دەوروبەری، دوکان و دەوروبەری، شارباژێر و دەوربەری، شارەزور و دەوروبەری)م کردوە بەئاگاداری ڕاستەوخۆی بەرێز (م.چیا ئیسماعیل) ئەندامی ئەنجومەنی بەرێوەبردن و بەرپرسی سۆشیال میدیای هاوپەیمانی لەئەنجومەنی بەڕێوەبردن لەوکاتەدا.

هاوکات لەهەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا وەک (هەڵسەنگێنەری هۆبەی نوسراو لەدامەزراوەی میدیایی)دا هەڵسەنگاندن و پێداچونەوەم بەسەرجەم ئەو وتارو بابەتانەدا کردوە کە لە هۆبەی نوسراوی دامەزراوەیی میدیایەوە بڵاوکراونەتەوە بە ئاگاداری ڕاستەوخۆی بەرێز ( م.جەلال ئەحمد ).

هەروەک لە لەکاتی خۆپیشاندانی مامۆستایانی زانکۆدا لە چوارچێوەی ( تۆڕی مامۆستایانی زانکۆی هاوپەیمانیدا) بە بەشداری و هوتاف و دەیان چاوپێکەوتنی تەلەفیزیۆنی هەمیشە چالاک و لەڕیزی پێشەوە بووم.

لەئێستاشدا کە ئەندامی (ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی- سەرکردایەتی- ) و هاوکات ئەندامی ( دامەزراوەی میدیایی) و (دامەزراوەی ڕاهێنان و گەشەپێدان) و هەروەها ئەندامی (بەشی میدیایی دەڤەری سلێمانی)م.

لێرەوەو (لەبەر ئەوهۆکارانەی کەمانگێک لەمەوپێش لەنامە شەش لاپەڕەییەکەمدا کەلەڕێگەی بەڕێز ( م.ئارام قادر)ەوە ئاڕاستەی بەڕێزتانم کردوو داوای هەڵوێست و وەڵامم لێکردبوون و تیایدا ئەوەشم خستبووە ڕوو کە لە کاتی وەڵام نەدانەوەم دا توندترین هەڵوێستم ئەبێت) و ئێوەش تاکو نوسینی ئەم دەستلەکارکێشانەوەیەم بێ وەڵام بوون!

بەوهۆیەوەو بۆ ڕێزگرتن لەکەسایەتی و پێگەی ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی وسیاسیم و نرخ دانان بۆ (ڕا ) بێ وەڵامەکانم‌ ، هەروەها بەمەبەستی ئەوەش کە کلتوری پەراوێزخستنی خەڵکانی ئەکادیمی لەلایەن بەرپرسە باڵاکانەوە تێبپەڕێنم و پیرەمێرد ئاسا بڵێم: ( سوراحی سەر فروو دێنێ لەبۆ پیاڵە کە تێکا بۆی!)

دەست لەکارکێشانەوەی خۆم لە ڕیزەکانی( هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) ڕائەگەیەنم و ئەوە ئەخەمە ڕوو کەلەنوسینی ئەم دەستلەکارکێشانەوە بەدواوە، دوور و نزیک، بەئاشکراو بەنهێنی، هیچ پەیوەندیەکم بەڕیزەکانی (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) نەماوەو نامێنێت.

خۆشحاڵیشم بەبەسەربردنی ئەوکاتانەی لەگەڵ بەرێزتان و سەرجەم هاودیدانی رێزدار پێکەوە سەرقاڵی کار و چالاکی بوین.
هاوکات سوپاسی متمانەی بەریزتان ئەکەم کەبەتایبەت داواتان لێکردم کەکاندید بم لەسەر لیستی هاوپەیمانی بۆ پەرلەمانی عیراق بەڵام رەتمکردەوە .

لەقۆناغی پێکەوەکارکردنماندا لەهیچ هەنگاوێکم پەشیمان نیم و بەڵکو بەوێستگەیەکی گرنگی ژیانمی ئەزانم.

لەکۆتاییدا هیوام سەرکەوتنتانەو ئێوەو هەموو ئەو هاوڕێیانەی لەرێگەی هاوپەیمانیەوە ناسیومن بۆ هەمیشە گەنجینەیەکی بەهاداری مرۆیین بۆ من لەسنوری هاوڕێیەتیدا......

بۆهەمیشەش داکۆکیکاری سەرسەختی ئازادی و دیموکراسی و ماف و غەمی خەڵک و دادپەروەری کۆمەڵایەتی ئەبم.

لەگەڵ ڕێزی:
هاوڕێ مەحمود
ئەندامی دەست لەکار کێشاوەی ئەنجومەنی گشتی (سەرکردایەتی) هاوپەیمانی و مامۆستای زانکۆ



PM:01:36:17/07/2018