حکومەتی هەرێم دەستدەکاتەوە بە دابەشکردنی زەوی

وەزارەتی شارەوانی هەرێم رایگەیاند" حکومەتی هەرێم فەرمانێکی دەرکردووە بۆ دابەشکردنەوەی زەوی و ئێستا وەزارەتەکەمان سەرقاڵی تەرخانکردنی زەوین".
 
خەسرەو کەمال، بریکاری وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە راگەیاند، زەوی بەو کەسانە دەدرێت کە پێشووتر فەرمانی کۆنیان ھەیە و پێیان نەدراوەو، وتی " زۆر کەس فەرمانی زەوی وەرگرتنیان ھەیە، بەڵام بەھۆی نەبوونی زەویی ئیفرازکراو لە ھەندێک شارەوانی زەوییەکانیان پێ نەدراوە، ئێستا ھەوڵی جدی دەدرێت بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆ ئەو کەسانە".
 
ئەو بەرپرسە بۆ ماڵپەڕی باسی روون کردۆتەوە، لە ماوەی پێشووتردا دەیان ھەزار پارچە زەوی دابەش کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک خەڵک ماون فەرمانیان ھەیە و زەوییان پێ نەدراوە، وتیشی: ”ئیفرازکردنی زەوی بەردەوامە، فەرمانیش دەرچووە بۆ پێدانی زەوی بە بنەماڵەی شەھیدان و نووسراوەکە ئاڕاستەی شارەوانییەکان کراوە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکە و دابەشکردنی زەوی".
 
بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە بە پێدانی زەوی بە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان، ١٠ ھەزار و ٤٩ کەس فەرمانی پێشوویان ھەبوو بۆ وەرگرتنی زەوی، بەڵام زەوییان پێ نەدراوە، ئەوانە فەرمانەکانیان بۆ تازە کراوەتەوە، ھەروەھا ١١ ھەزار و ١٤٠ کەسیش فەرمانی تازەیان بۆ دەرچووە بۆ پێدانی زەوی.

بە تێکڕای دابەشکردنی زەوی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار پارچە زەوی لەلایەن حکوومەتەوە بەسەر خەڵک دابەش کراوە.

بەرپرسەکەی وەزارەتی شارەوانی دووپاتی دەکاتەوە، کێشەی ئەوان لە زەوی دابەشکردن، ئیفرازکردنی زەوییە، گوتیشی: «ئیفرازکردنی زەوی ئاسان نییە، پەیوەندیی بە چەند وەزارەتێکەوە ھەیە، لەوانە وەزارەتی کشتوکاڵ، دواتر دەبێت شارەوانی رووپێوی بکات و پاشان ئیفرازی بکات و بۆ دابەشکردن ئامادەی بکات".
 
سەبارەت بە لیستی ناوی فەرمانبەران و کرێنشینان بۆ پێدانی زەوی، کە لە ئەنجومەنە، ئەو ئاشکرای کرد کە چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانن و تاوەکوو ئێستاش ھیچ فەرمانێک دەرنەچووە.
 
بریکاری وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەش دا، ھەروەھا لە رێگەی موساتەحەوە بە گرێبەستی درێژخایەن بەشێک لە زەوییەکانی شارەوانی دەدرێنە ھاووڵاتییان، بۆ ئەوەی کار و کاسبی لەسەر ئەنجام بکەن، گوتیشی: ”ئەو زەوییانەی دەدرێتە خەڵک بۆ پیشەوەرانە، بۆ ئەوەی ھەلی کار بڕەخسێت، زەوییەکانیش بە نرخێکی گونجاون و بە درێژخایەنیشە".



PM:07:59:17/07/2018