وەزارەتی دارایی داوایەک لە وەزارەتەکان دەکات

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بە مەبەستی دانانی بودجەی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠١٩ داوا لە وەزارەتە جیاوازەکان دەکات بوودجەو خەرجیەکانیان بخەمڵێنن.

 مۆفەق عەبدولڵا، راوێژكاری دارایی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم راگەیاند، "وەزارەتی دارایی داوای بودجەی ساڵی داهاتووی لەهەموو وەزارەتەكان كردووەو لەچوارچێوەیەشدا وەزارەتی تەندروستی لێژنەیەكی پێكهێناوە".

راوێژكاری دارایی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم وتیشی"  بەشێوەی خەمڵاندن، بودجەو خەرجی و پێداویستیەكانی وەزارەتی تەندروستی ئامادە دەكرێت و دواتر ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی دەكرێت، كە لەنێوانیاندا داوای دامەزراندنی ژمارەیەكی زۆر دەرچووی بەشە پزیشكیەكان دەكرێت".

ئەو راوێژكارەی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئێس ئێن ئێن وتیشی، پێویستییەكی زۆرمان بە دەرچوانی كۆلێژو پەیمانگەكانی پزیشكی و پەرستیاری، یاریدەدەری پزیشك و سڕكەر هەیە، لە بودجەی (2019) ئاماژەی بۆ دەكەین بۆ دامەزراندنیان.

مۆفەق عەبدوڵا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات گشتاندن بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكانی تەندروستی كراوە بۆ ئەوەی لەماوەی مانگێكدا پێداویستی و خەرجییە داراییەكان رەوانەی وەزارەت بكەن، بۆ ئەوەی دواتر وەك بودجەی ساڵ، ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی بكرێت.



PM:08:21:20/07/2018